سێ کورد چوونە نێو نووسینگەی جێبەجێکاری لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق

2025-02-10  39 جار خوێنراوەتەوە

ڕۆژی شەممە لە شاری بەغدا هەڵبژاردن بۆ نوێکردنەوەی سەرۆک و ئەندامانی نووسینگەی جێبەجێکردنی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق بەڕێوەچوو، سێ کورد توانیان متمانەی دەنگدەران بەدەستبهێنن و لەگەڵ دەستەی نوێ دەستبەرکاربوون. 
 
ئەو دامەزراوە وەرزشییە هاوشانی وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق  بە گەورەترین ناوەندی بڕیاری وەرزش دادەندرێت، کە لە 1948 دامەزراوە، عێراق چوارەم وڵاتە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەب کە لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی مافی ئەندامبوونی پێداوە. 
 
هەڵبژاردنەکە بە چاودێری لیژنەیەکی چاودێری یاسایی حکومەتی عێراق بوو، 38 کەس وەک دەستەی گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق دەنگیان دا، و عەقیل موفتن، کە پێشتر سەرۆکی ئەو دەزگا وەرزشییە بوو بە 37 دەنگ جارێکی دیکە کورسی سەرۆکایەتی بردەوە. عەبدولسەلام خەڵەف وەک جێگری یەکەم بە 37 دەنگ، بەختیار فەریق، کە کوردە بە 34 دەنگ پۆستی جێگری دووەمی وەرگرت. 
 
بەختیار فەریق، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق، رایگەیاند "زۆر سوپاسی ئامادەبوونی رووداو دەکەم لێرە، ئێمە ساڵانی پێشوو پۆستی جێگری سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق بەشی کورد بوو، بەڵام بەداخەوە لە کابینەی رابردوو لە دەستمانچوو، ئێستا توانیمان ئەو پۆستە بەسەرکەوتووی وەربگرینەوە، پشتیوان بەخوا دەمانەوێت خزمەتێکی گەورە بە وەرزشی کوردستان و عێراق بکەین". 
 
لە دەستەی نوێی نووسینگەی جێبەجێکاری لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق، هەریەک لە هەردە رەئوف و لەیلا محەممەد توانیان لەگەڵ شەش کەسی دیکە کورسی ئەندامبوون وەربگرن. 
 
لەیلا محەممەد، کە وەرزشوانێکی دێرینی شاری سلێمانییە و پۆستی بەرپرسی نووسینگەی وەرزشی خانمانی لە لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق وەرگرت، وتی "ئەو پۆستەی من وەرمگرتووە بێگومان کاریگەری لەسەر پێشخستنی وەرزشی خانمان دەبێت بە پاڵپشتی برا بەڕێزەکانم، کە هەموومان ئامانجمان خزمەتکردنە".
 
لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق راستەوخۆ سەرپەرشتی چالاکی و یەکێتییە وەرزشییەکان دەکات، ئێستا ئەو دامەزراوە وەرزشییە بە پاڵپشتی سەرۆک وەزیرانی عێراق پڕۆژەی پاڵەوانی ئۆڵۆمپی جێبەجێدەکات کە ئامادەکردنی ژمارەیەک یاریزان و بەهرەمەندی تەمەن بچووکە و بایەخپێدانیانە بۆ ئۆڵێمپیادی 2034. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە