گاڤی: ناوبژیوانان بەیەکسانی مامەڵە لەگەڵ ریال مەدرید و بارسێلۆنا ناکەن

2025-02-10  40 جار خوێنراوەتەوە

گاڤی، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا رەخنەی لە ستانداردە جیاوازەکانی بڕیارەکانی ناوبژیوان گرت لە یارییەکانی خولی ئیسپانیا لەم وەرزەدا و پێیوایە ناوبژیوانان بەیەکسانی مامەڵە لەگەڵ ریال مەدرید و بارسێلۆنا ناکەن.
 
لە یارییەکەدا کە دوێنێ یەکشەممە لە گەڕی 23ـی لالیگادا، بارسێلۆنا بەئەنجامی 4-1 لە سێڤییای بردەوە، فێرمین لۆپێزی یاریزانی بارسا بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەدژی سۆی یاریزانی سێڤییا بە کارتی سوور دەرکرا.
 
فێرمین لۆپێز لەڕادەبەدەر پێی بەرزکردەوە و تیپەکەی هانزی فلیکی راهێنەر ناچارکرد لە خولەکی 62ـوە بە 10 یاریزان یاری بکەن.
 
کاتێک پرسیار لە جیاوازی ستانداردەکانی ناوبژیوانان کرا، گاڤی بە رادیۆی کەتەلۆنیای راگەیاند "لە دێربیی مەدریددا لێدانێکی تووند و تیژی رێک هاوشێوەی لێدانەکەی فێرمین هەبوو (لێدانی دانی سیبایۆس لەدژی باریۆس) بەداخەوە کە ناوبژیوانان بەیەکسانی مامەڵە لەگەڵ ریال مەدرید و بارسێلۆنا ناکەن".
 
لەدرێژەی قسەکانیدا، گوتی "فێرمین لۆپێز کارتی سووری وەرگرت، بەڵام دەکرا تەنیا کارتی زەردی پێبدەن".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە زۆر دڵخۆشین بە ئاستەکەمان، هەرچەندە یاریکرن بە ژمارەیەکی کەمتری یاریزانان ئاسان نییە، بەڵام بەباشی مامەڵەمان لەگەڵ دۆخەکەدا کرد و ئەنجامێکی گەورەمان بەدەستهێنا".
 
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە "پێشتر گوتبووم گەشتەکەی لالیگا درێژە، هەندێکیش پێیانوابوو کە ئێمە لە رکابەرییەکان دەرچووین، بەڵام ئێستا تەنیا دوو خاڵمان لێوە دوورن، هێشتا زۆر شت ماوە بیکەین".
 
گاڤی لە کۆتاییدا، گوتی "بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە دەبێت بەردەوام بین و سەرجەم یارییەکانی ماون بیبەینەوە، ئەوەش ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت".
 
یانەی بارسێلۆنا لە پلەی سێیەمی ریزبەندیدایە بەکۆکردنەوەی 48 خاڵ و دوو خاڵ لەدوای ریال مەدریدی پێشەنگەوەیە و خاڵێک لەدوای ئاتلێتیکۆ مەدریدی خاوەنی پلەی دووەمەوەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە