دادگای سلێمانی بڕیاریدا تۆمارکردنی شوقەو خانوو بە ناوی هاوڵاتیانی عێراقی و بیانی هەڵوەشێتەوە
54 خولەک پێش ئێستا
283 جار خوێنراوەتەوە
دادگا بریاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی کارگێڕیی ژمارە (٦٤٤٨ لــە ٦/٦/٢٠١٦)ی پارێزگای سلێمانی، کە رەزامەندیان داوە بە (تۆمارکردنی شوقەو خانوو بە ناوی هاوڵاتیانی عێراقی و هاوڵاتیانی بیانی بە هاوشێوەی هاوڵاتیانی سلێمانی...). لەژێر ناوی "گەشەپێدانی بواری گەشتیاری و ئابووری".
دەقی نوسینەکەی پاریزەر ئومێد جاف لەو بارەیەوە:
دادگا لەسەر شێواندنی دیمۆگرافیای کوردستان بریارێکی مێژوویدا…
لە ڕێکەوتی ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، دادگای کارگێڕیی سلێمانی لە دۆسیەی داوای ژمارە (٥٧/ك/٢٠٢٦)، بڕیارێکی مێژوویی و بوێرانەی دەکرد، بۆ پاراستنی ناسنامەی دانیشتوان لەهەرێمی کوردستان، بریارەکە وەرچەرخانێکی دادوەریی گەورەیە، وە بۆ یەکەمین جارە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان بریارێکی لەم شێوەیە دەردەچێت.
دادگا بریاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی کارگێڕیی ژمارە (٦٤٤٨ لــە ٦/٦/٢٠١٦)ی پارێزگای سلێمانی، کە رەزامەندیان داوە بە (تۆمارکردنی شوقەو خانوو بە ناوی هاوڵاتیانی عێراقی و هاوڵاتیانی بیانی بە هاوشێوەی هاوڵاتیانی سلێمانی...). لەژێر ناوی "گەشەپێدانی بواری گەشتیاری و ئابووری".
فەرمانی پارێزگار هۆکاربووە بۆ کۆچی بە لێشاوی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هاوڵاتیانی ناوەراست و خواری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، وە شێواندنی پێکهاتەی ڕەسەنی شاری سلیمانی،کە ئەمەش پێچەوانەی ئامانجەکانی دەستوری هەمیشەی عێراقە، بۆ رێگریکردن لە گۆرانکاری دیمۆگرافی(التغيير الدیمغرافی للسكان)، وە پێشێلکردنی مافە دەستووری و یاساییەکانی هاولاتیانی هەرێمی کوردستان.
بەهۆی لێشاوی کۆچکردنی نەتەوەی عەرەب بۆ هەرێمی کوردستان، ئاسایشی نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم لەمەترسیدایە، وە خۆمان پێشوازیان لێدەکەین لەژێر ناوی گەشەی ئابووری و وەبەرهێنان لە سێکتەری نیشتەجێبوون، کە دەرئەنجام دەبێتە سڕینەوەیەکی هێواشی ناسنامەی کوردبوون و کوردستانی بوونمانە.
ئەم هەنگاوەی ئێمە سەرەتایەکە بۆ ممارەسەکردنی مافە دەستووریەکانی خەڵکی رەسەنی کوردستان، کە لە دەقی ماددەی (٢٣/سێیەم/ ب)، بە شێوەی رەها(مطلق) قەدەغەی هەر جۆرە خاوەندارێتییەک دەکات، ئەگەر ئامانج لێی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی بێت. وە فەرمانەکە پێچەوانەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقە بە ژمارە (٦٥/ئیتحادی/٢٠١٣) لە ڕێکەوتی (٢٣/٧/٢٠١٣)،. ئێمە وەک پارێزەری خاک و خەڵک بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان بۆ چەسپاندنی مافی نەتەوەی و پاراستنی دیمۆگرافی کوردستانی خۆشەویست.
#نا_بۆ_شێواندنی_دیمۆگرافیای_کوردستان
#نا_بۆ_هەرزانفرۆشکردنی_خاکی_نیشتمان
ئومێد جاف ــ پارێزەر
|