نەورۆز ریمۆنتادا بەسەر ئەنجامە خراپەکانیدا دەکات
2025-02-11
40 جار خوێنراوەتەوە
یانەی نەورۆز، لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ریمۆنتادای بەسەر خراپییەکەیدا کردووە و رۆژ لە دوای رۆژ ئەنجامەکانیشی باشترن.
یانەکە لە سەرەتای ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، لەگەڵ جۆرڤان ڤیێرا، راهێنەری بەرازیلی دەستیپێکرد، بەڵام ئەو راهێنەرە نەیتوانی هاندەرانی سلێمانی و یانەکە لە تیپەکە رازی بکات و نەورۆز ئەنجامەکانی وەکو پێویست نەبوون.
لەگەڵ راهێنەرە بەرازیلییەکەدا، نەورۆز 9 یاریی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئەنجامدا، تەنیا 2 یاریی بردەوە، لە 2 یارییدا یەکسانبوو و 5 یارییشی دۆڕاند، ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی نەورۆز لە خولەکەدا دوابکەوێت و لە سەرەتای وەرزەوە لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی خولەکەدا ببینرێت.
هەر ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی، کارگێڕیی یانەکە رێککەوتن لەگەڵ راهێنەرەکەی بکات و بە رەزامەندیی هەردوولا گرێبەستی جۆرڤان ڤیێرا هەڵوەشێنرایەوە.
نەورۆز گرێبەستی لەگەڵ قەحتان جسیر، راهێنەری بەنێوبانگی عێراقی واژۆکرد، ئیدی یانەکە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و رۆژ لە دوای رۆژ، ئەنجامەکانی روو لە باشی دەکات و یاریگەکەشی بەردەوام پڕە لە هاندەر.
یانەکە رۆژی 13-12-2024 گرێبەستکردنی لەگەڵ قەحتان جسیر راگەیاند، ئەو راهێنەرە 61 رۆژە وەکو راهێنەری نەورۆز دەستبەکاربووە و لە دوای هاتنی ئەوەوە یانەکە گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە.
لەو کاتەوەی نەورۆز راهێنەرەکەی گۆڕیووە، 11 یاریی ئەنجامداوە، 10 یاری لە خول و یارییەکیش لە جامی عێراقدا، یانەکە 5 یاریی لە خولدا بردووەتەوە، لە 3 یارییدا یەکسانبووە و دوو جار دۆڕاوە، سەرکەوتنیشی بۆ قۆناخی داهاتووی جامی عێراق مسۆگەر کردووە.
نەورۆز لە دوایین 6 یارییدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 3 بردنەوە و 3 یەکسانبوونی هەیە و رۆژی شەممەی 15-2-2025 لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی زەورا دەکات.
دوای کۆتاییهاتنی قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، هاندەرانی یانەکە چاویان لەوەیە لە نیوەی دووەمدا، یانەکە ئەنجامی باشتری هەبێت و زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی خولی عێراق نزیکببێتەوە.
|