عێراق لەبارەی دامەزراندنەکان لەهەرێمی کوردستان چی دەڵێت؟
35 خولەک پێش ئێستا
112 جار خوێنراوەتەوە
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت فالح ساری وەزیری دارایی عێراق بەڵێنیداوە 12.70٪ی دامەزراندنەکان لە پشکی بودجە بۆ بۆ هەرێمی کوردستان بێت
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027ی عێراق، 497 هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی و 100 هەزار کەسی دیکەش بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن.
د. جەمال کۆچەر وتیشی: "بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراق، 497 هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی، هەروەها 100 هەزار کەسی دیکەش بە گرێبەست دادەمەزرێن؛ لەو ژمارەیەشدا 50 هەزاریان بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکان دەبێت و 50 هەزارەکەی دیکەش بۆ کەرتی مەدەنی تەرخان دەکرێت."
سەبارەت بە بەشەبودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لەو دامەزراندنانە، جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوە کرد:"فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بەڵێنی داوە 12.70٪ی ئەو دامەزراندنانە بۆ هەرێمی کوردستان بێت، ئێمەش هیوادارین وەزیری دارایی عێراق لەسەر بەڵێنەکەی خۆی بمێنێتەوە و جێبەجێی بکات."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هیچ دامەزراندنێکی نوێی هەمیشەیی دیاری نەکراوە و تەنیا بەشێوەی گرێبەست دەبێت.
|