په‌یامی بافڵ تاڵەبانی له‌ قامیشلۆوه‌: دەبێت مافی كورد پارێزراوبێت

23   کاتژمێر پێش ئێستا  210 جار خوێنراوەتەوە

په‌یامی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی له‌ كۆنفڕانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد خوێندرایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، دەبێت مافی كورد پارێزراوبێت، ده‌شڵێت، "سەقامگیری سوریا واتا سەقامگیری ناوچەكە، بۆیە دەبێت مافی هەمو پێكهاتەكان بەتایبەت كورد پارێزراوبێت".

كۆنفڕانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لە قامیشلۆ، بەبەشداری 400 كەس لە باكور، باشور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا وەفدێكی یەكێتی دەستیپێكردو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات وتاری ده‌ستپێكی خوێنده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "هەوڵەكانی سەرۆكی یەكێتی لەبیرناكەین و ئەركی هەمووانە دەستكەوتەكانی كورد لەڕۆژئاوای كوردستان بپارێزین".

ئەمین بابەشێخ، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی پەیامی بافڵ تاڵه‌بانی خوێنده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، "هیوای سەركەوتن بۆ كۆنفرانسەكە دەخوازین و پشتیوانتان دەبین، هەمیشە یەكێتی پشتیوانی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد بوەو ئێستاش پشتیوانی بزافی رزگاریخوازی كوردین لە سوریا، چونكە سەقامگیری سوریا واتا سەقامگیری ناوچەكە، بۆیە دەبێت مافی هەمو پێكهاتەكان بەتایبەت كورد پارێزراوبێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بەیەكڕیزی و لێكتێگەیشتنی نیشتمانی دەگەینە ئامانجەكانمان، لەنزیكەوە ئاگاداری ئاڵنگاری و پێشهاتەكانی ناوچەكەین و بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەش، پێویستە هەمو لایەنە سیاسی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان یەكڕیزو یەكهەڵوێستبن بۆ بەدەستهێنانی مافەڕەواكانمان".

لەكۆتایی وتارەكەی سەرۆكی یەكێتیدا، ئەمین بابەشێخ وتی، "سەقامگیری سوریا كاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەكە هەیەو یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لایەنەكانیش دەبێتە جێی ئومێدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلی كورد، بۆیە پێویستە رێگربین لەهەر پیلانێك كە بۆ تێكدانی یەكڕیزی گەلی كورد داڕێژرابێت".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە