ترەمپ داوا دەکات هاوکارییەکان بگەیەنرێنە غەززەو لەگەڵیاندا باش بن

12   کاتژمێر پێش ئێستا  232 جار خوێنراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لەبارەی غەززە قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و پێی راگەیاندووە، "دەبێت لەگەڵ غەززە باش بین، ئەو خەڵکە لە ئازار و مەینەتیدان." داواشی لێکردووە، رێگەی چوونەژوورەوەی خۆراک و دەرمان بۆ ئەو ناوچەیەی فەلەستین بکاتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەوانانی وت، داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە رێگە بە چوونەژوورەوەی خۆراک و دەرمان بدات بۆ نێو کەرتی غەززە.
 
لە 02-03-2025ـەوە هیچ خۆراک و دەرمانێک نەگەیشتووەتە دەستی غەززەییەکان. ئیسرائیل دەڵێت، رێگە بە چوونەژوورەوەی هاوکارییەکان نادات، تاوەکو حەماس هەموو بارمتەکان ئازاد نەکات.
 
پێش لێدوانەکەی ترەمپ، بەرنامەی خۆراکی جیهانی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە رایگەیاند، کۆگەکانیان لە غەززە هیچ خۆراکێکیان تێدا نەماوە.
 
ترەمپ رایگەیاند، لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ نەتەنیاهوودا پێی وتووە، "دەبێت لەگەڵ غەززە باش بین؛ ئەو خەڵکەی ئەوێ لە مەینەتیدان."
 
پرسیار لە ترەمپ کرا، ئایا نەتەنیاهوو چۆن وەڵامی داوەتەوە؛ گوتی، "بە باش وەریگرت."
 
رۆژی هەینی ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، "برسێتی لە غەززە بڵاودەبێتەوە، بەدخۆراکی تادێت خراپتر دەبێت، بریندارەکان چارەسەر ناکرێن، خەڵکی زیاتر دەمرن."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە