کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد له‌ قامیشلۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت

2025-04-26  45 جار خوێنراوەتەوە

ه‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد له‌ رۆژاڤای كوردستان له‌ قامیشلۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌ ئاستی باكوری كوردستان نوێنه‌ری ده‌م پارتی و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش نوێنه‌ری شاندێكی یه‌كێتی و نوێنه‌ری مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شدار ده‌بن، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیارێک دەدرێت بۆ پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش بۆ پێشکەشکردنی دیدگای سیاسی بۆ ئیدارەی دیمەشق.

کورد لە سوریا نزیکدەبێتەوە لە بەدیهێنانی خەونە چاوەڕوانکراوەکەی و ئه‌مڕۆ کۆنفرانسێکی چارەنوسساز ئه‌نجامده‌دات، کە پێشبینی دەکرێت کورد یەکبخات و ئایندەی خۆی لە سوریا و سروشتی پەیوەندییەکەی لەگەڵ دیمەشق دیاریبکات.

لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕینی جەماوەری لە سوریا، شه‌قامی کورد داوای هەڵوێستی یەکگرتویان دەکرد، هەوڵە ناوخۆییەکان بە پاڵپشتی لایەنە کوردییەکان، بوەهۆی ڕێککەوتن و لێكنزیكبونه‌وه‌ و ئه‌مڕۆش گه‌یشتوه‌ته‌ کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد.

دوابەدوای دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، لە پاییزی 2019 لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا گفتوگۆی کورد و کورد لە سوریا دەستیپێکرد، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێشخەرییەکی دەستپێکرد بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (KNC) لە لایەک و پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) و لایەنە هاوپەیمانەکانی لەناو ئیدارەی خۆسەردا لە لایەکی ترەوە.

دەستپێشخەرییەکە بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و فڕەنسا هات و هەردولا بەخێرایی چونە نێو خولی یەکەمی دیالۆگ، کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2020 بە واژۆکردنی بەڵگەنامەیەکی "دیدگای سیاسی هاوبەش" کۆتایی هات کە تێیدا یەکگرتویی سوریا و دانپێدانانی مافە نەتەوەییەکانی کورد و داواکردن بۆ سیستمی فیدراڵی.

سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، زیاتر لە 300 کەس بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، ئامادەبون سنوردار دەبێت بۆ ئەوانەی ئێستا لە ڕۆژاڤا و باکوری سوریا نیشتەجێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە میانی کۆنفرانسەکەدا بڕیارێک دەدرێت بۆ پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش بۆ پێشکەشکردنی دیدگای سیاسی بۆ ئیدارەی دیمەشق، جەختیشی کردەوە، ناو و ئەندامانی شاندەکە بە ناوی کۆنفرانسەکەوە دەهێنرێن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە