ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی فواد حسێن و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

13   کاتژمێر پێش ئێستا  141 جار خوێنراوەتەوە

لەبارەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمریکا؛ وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، گەشبینیی خۆیان بە ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان دەربڕیوە و فوئاد حسێن، رۆڵی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاندووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، "هەردوولا تاوتوێی هاوکارییە هاوبەشەکانیان لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی و ئابووری کردووە و فوئاد حوسێن جەختی لەسەر گرنگیی تووندوتۆڵکردنی هاوکاری ئەمنی نێوان هەردوولا و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کردوەتەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا گەشبینی خۆیان بە ئایندەی پەیوەندییەکانیان دەربڕی و فوئاد حسێن، رۆڵی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند. لای خۆیەوە مارکۆ روبیۆ پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری لە عێراق دووپاتکردەوە و دەستخۆشی لەو هەوڵە هاوبەشانە کرد کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دراون."
 
لە بواری ئابووریشدا فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق دەستی کردووە بە هەنگاوی جیدی بەرەو هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی هاوردەکراو؛ روونیشی کردووەتەوە، عێراق هەوڵ دەدات بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە بواری گازدا و لە چەند ساڵی داهاتووشدا خۆبژێوی لەو بوارەدا بەدەست دەهێنێت.
 
وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردووەتەوە، عێراق دەستی کردووە بە هاوردەکردنی کارەبا لە وڵاتانی دەوروبەری و لەگەڵ وڵاتانی دیکەش تاوتوێی هاوردەکردنی گاز دەکات؛ هەروەها داوای لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرد کە وەبەرهێنان لە عێراق زیاد بکەن و بەشداری لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی بکەن.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا باس لەوەشکراوە "لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە رێگەکانی بەرزکردنەوەی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی کرد، بە ئاماژەدان بە سەردانی ئەم دواییەی شاندێکی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و کەرتی تایبەت بۆ عێراق و ئەو دەرفەتانەی بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کەرتی گشتی و تایبەتدا هەن."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، "وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە گرنگیی سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە هۆشدارییە ئەمنییەکان سەبارەت بە گەشتکردن بۆ عێراق کردووە، چونکە ئەو هۆشدارییانە کاریگەری نەرێنیان لەسەر بوونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەیە. هەروەها باسی لە دۆخی باشی ئەمنی لە عێراق کردووە، ئەوەش بۆ زیاتر راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی. لایەنی ئەمریکیش تێگەیشتنی خۆی بۆ ئەم بابەتە دەربڕی."
 
"هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە گرنگی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نوێی لیژنەی باڵای هاریکاری دوو قۆڵی نێوان عێراق و ئەمریکا لە مانگەکانی حوزەیران یان تەمموزدا کرا، بۆ تاوتوێکردنی سەرجەم بوارەکانی هاوکاری لەسەر بنەمای رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی،" ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمریکادا باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی سووریا کراوە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، "فوئاد حوسێن جەختی له سەر گرنگیی دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی سیاسی هەمه لایەن کردوەتەوە که رێز له مافی ههموو پێکهاتەکانی سووریا بگیرێت."
 
فوئاد حوسێن وتوویەتی، "سەقامگیری سووریا کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاسایشی عێراق هەیە. دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بکرێت، کە نزیکەی 10 هەزار لە مەترسیدارترین ئەندامانی داعش تێیاندا دەستبەسەرن."
 
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ئەو دەرفەتانە کراون کە سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت بیانخاتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ بەرزکردنەوەی هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتن لەسەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە جۆرێک کە خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە بکەن.
 
24ی نیسانی 2025 فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەژماری ئێکسی خۆی بڵاویکردەوە، "بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوتین، لەوێ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دووقۆڵی دەکەین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق- ئەمریکا و هاوئاهەنگیی هەوڵەکان لە پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا."
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە