دادگا فەرمانی راگرتنی بۆ راکان جبووری دەرکرد
5 کاتژمێر پێش ئێستا
71 جار خوێنراوەتەوە
لەسەر دۆسیەی گەندەڵی، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای رەسافە لە بەغدا فەرمانی راگرتن و دەستگیرکردنی بۆ راکان جبووری، پارێزگاری پێشووی بە وەکالەتی کەرکووک دەرکرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگەی رەسافە بە میدیاکانی راگەیاندووە، "راکان جبووری 5 دۆسیەی لەسەرە، پێشتر لە دادگەی کەرکووکەوە گواستراوەتەوە بۆ دادگەکانی بەغدا."
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، دادوەری لێکۆڵینەوە ئەمڕۆ سەبارەت بە دوو دۆسیەی گەندەڵی، "لێکۆڵینەوەی کردووە و بڕیاری راگرتنی راکان جبووریی دەرکردووە. دادوەر بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە کاری فەرمانبەر و بەرپرسی کارگێڕی و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی راگیراوە، بەڵام هێشتا راکان سەعید هەر لە دادگایە و نەگواستراوەتەوە بۆ زیندان."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "دەستوەردانی زۆر هەیە لە پرۆسەی دادگاییەکە و دیار نییە تاوەکو کۆتایی دەوام گۆڕانکاری بەسەر بڕیارەکەدا دێت یاخود نا."
بەپێی زانیارییەکان، 8 سکاڵا لەسەر راکان جبووری تۆمار کراون، بەڵام لەسەر داوای سکاڵاکارەکان 5 دۆسیەی گواستراوەتەوە بۆ دادگای بەغدا بەهۆی نەجوڵاندنی لە کەرکووک، "لەنێو دۆسیەکاندا دوو کەیسی گەندەڵی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا هەن، لە هەریەکەیان بە بڕی 500 ملیۆن دینار پارە دیار نەماوە، دۆسیەیەکی دیکەش سەبارەت بەوەیە 21 موڵک بەناوی خێزانەکەیەوەیە تەنیا لە یەک گەڕەکی کەرکووک، کە گومان لە گەندەڵی تێیدا هەیە."
کاروان عوسمان، بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە میدیاکانی راگەیاندووە، "رۆژى پێنجشەممەى رابردوو 17ى نیسان، دادگاى دەستپاکیى کەرکووک فەرمانى بانگهێشتکردنى راکان جبووریى دەرکردووە، بەڵام نەچووەتە بەردەم دادگەکە، بەگوێرەى یاساش ئەگەر لە ماوەى 72 کاژێردا نەچێتە بەردەم دادگەکە، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەردەکرێت."
|