پاپا فرانسیس لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

4   کاتژمێر پێش ئێستا  36 جار خوێنراوەتەوە

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای تووشبوون بە نەخۆشی، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بوو. 
 
پاپا فرانسیس بە بنەچە ئیتاڵییە، بەڵام لەدایکبووی شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتینە.
 
چەند زانیارییەکی دیکە لەبارەی پاپا فرانسیسەوە: 
 
- لە 17-12-1936لەدایکبوو، یەکەم کەسی بە رەچەڵەک ئەمریکای باشوور بوو کە ببێتە پاپا؛ ھاوکات دووەم کەسایەتیی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەوروپا بوو دوای گریگۆری سێیەم ئەو ناسناوەی وەرگرتبێت.
 
- لە 13ی ئاداری 2013 وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکرا.
 
- پێشتر بەرپرسیارییەتی سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکانی پێ سپێردرابوو.
 
- پێش ئەوەش سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس بوو و لە ساڵی 2001 پاپا یۆحەنا پۆلسی دووەم ناسناوی (کاردیناڵ)ـی پێ بەخشی.
 
- ناوی فرانسیسی بۆ خۆی دانا وەک رێزلێنانێک بۆ فرانسیس ئاسیزی پیرۆز.
 
- پاپا فرانسیس زمانەکانی ئیسپانی، لاتینی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، فەڕەنسی، ئۆکراینی ھەروەھا ئینگلیزی دەزانی.
 
- بە داکۆکیکاری ھەموو بزووتنەوەیەکی مرۆڤدۆستانە و ھێنانەدی دادگەری کۆمەڵایەتی و رێگەخۆشکردن بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوان نەتەوە و ئایین و بۆچوونە جیاوازەکان دەناسرا. ھەربۆیە دوای ھەڵبژاردنی وەک پاپای نوێی ڤاتیکان، چەندین رێوشوێن و مەراسیمی ئایینی پێشووتری ھەڵوەشاندەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئایینی ڤاتیکانیش توانای گۆڕانکاری لە رێسا و یاساکاندا ھەیە.
 
- خێزانی پاپا فرانسیس بە رەچەڵەک ئیتاڵییە، بەڵام لە سەردەمی حکومڕانی فاشیستی ئیتاڵی، خێزانەکە بە ناچاریی ئیتاڵیا جێدەھێڵن و بەرەو ئەرجەنتین کۆچ دەکەن.
 
- لە منداڵییەوە حەزی بە میوزیک و فیلم و کولتووری وڵاتانی ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای بوو.
 
- لە کاتی لاویشدا حەزی بە وەرزش و یاریی تۆپی پێ بوو و ھاندەرێکی سەرسەختی مارادۆنا و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بوو.
 
- لە ڕووی خوێندنەوە پاپا فرانسیس قۆناخی بنەڕەتی لە دەوروبەری شاری بۆینس ئایرس تەواوکرد. 
 
- دواتر لە قۆناخی ئامادەیی گرنگی بە زانستی کیمیا دا و تەنانەت لە زانکۆش قۆناخەکانی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بواری کیمیا تەواوکرد و دوای تەواوکردنی قۆناخەکانی خوێندنیش بە سەرکەوتوویی لە یەکێک لە تاقیگەکانی بواری کیمیاگەری لە شاری بۆینس ئایرسی ئەرجەنتینی بۆ 3 ساڵ کاری کرد.
 
- لە تەمەنی لاویەوە لە رێگەی کاھینێکی پەرستگای بێزەنتی تێکەڵ بە رێوڕەسمە ئایینییەکانی وڵاتانی رۆژھەڵاتی بوو.
 
- لە تەمەنی 21 ساڵییەوە چووە نێو ئەزموونی کەنیسە و لە 11ـی ئاداری 1958ـەوە زانستەکانی مرۆیی و لاھوتی لە شاری سانتیاگۆی پایتەختی وڵاتی شیللی خوێند.
 
- لە ئەرجەنتین درێژەی بە خوێندنی پسپۆڕی فەلسەفە و ئایینی لە پەیمانگەی ئیکلیرکی دا.
 
- لە ساڵی 1967 خوێندنی ئایینی و لاھوتی تەواوکرد و لە 13-12-1969 بۆ یەکەمجار و بە فەرمی وەک کاھینی کنیسە دەستبەکاربوو.
 
- پاشان دووچاری نەخۆشییەکی کوشندە بوو و بەو ھۆیەوە یەکێک لە گورچیلەکانی لەدەستدا.
 
- دواتر وەک راگری پەیمانگەی لاھوتی لە سان مییگل کاریکرد و تا ساڵی 1986 لەو پۆستەدا مایەوە.
 
- ساڵێک دواتر چووەتە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بە مەبەستی خوێندنی دکتۆرا لە بواری رەبەنی کریستیانی، ئەوەش بووە وێستگەیەکی گرنگی ژیانی پاپا فرانسیس.
 
- دوای مردنی سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس کاردیناڵ ئەنتۆنیۆ کاراکینۆ لە 28ی شوباتی 1998 دەرفەتی لەبار بۆ چوونەپێشەوەی پاپا فرانسیس.
 
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە نێوان 5 بۆ 8ـی ئازاری 2021 سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. سەردانەکەی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حکومەتی عێراق  کەنیسەی کاسۆلیکی بوو. سەردانەکەی بۆ دروستکردن و پتەوکردنی پردی پەیوەندیی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بوو.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە