تەواوی چاوپێکەوتنەکەی بافڵ تاڵەبانی لە ٧ڕۆژەوە بخوێنەرەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
80 جار خوێنراوەتەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایدەگەیەنێت بەڵێنەکانی هەڵبژاردن لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێدەکەن، هاوکات دید و بۆچوونی خۆی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان خستەروو، ئاماژەشی بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان دا.
بافڵ تاڵەبانی لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی کوردسات نیوز لە بارەی دۆخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە رایگەیاند:" یەکێتی هەمیشە بەرز دەبێت و رۆژ بە رۆژ بەرزتر دەبێت،یەکێتی لە ساڵێک لەمەوپێش باشترە، ساڵێکی دیکە لەمساڵ باشتر دەبێت، رەنگی جیاوازمان هەیە، بەڵام لە کۆبوونەوەکان باسی دەکەین، نەک لە راگەیاندنەکان، یەکێتی یەکدەنگ و یەکڕەنگە".
لە بارەی گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتیشەوە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:" کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە یەکێتیدا دەکەین و گەنجی دەکەینەوە، ئێستاش کاک رەفعەتمان کردۆتە جێگری سەرۆکی یەکێتی بۆ کاروباری حزبی".
هەرچی پەیوەست بەو دۆخانەی لە رابردوودا لە ناوخۆی یەکێتیدا روویدا، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد:" حەزم لە سەرۆکایەتی و هاوسەرۆکی نەبوو، پێشنیار کرا سێ سەرۆکایەتی هەبێت، هاوسەرۆکییەکەمان کە کرا ئەزمونێکی تاڵ بوو بۆ من و حزبیش"، راشیگەیاند:"هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵ کاک لاهور نەماوە و قەتیش پەیوەندیمان دروست نابێتەوە ، ئەو هیچ سودێکی بۆ حزب و بۆکەسیش نەبووە و نابێت، ئەو وای لەخۆی کرد، کەسێک لە دواوە خەنجەرت لێبدات هەرگیز شیاوی لێبوردن نابێت، کاک لاهور بە هێزی یەکێتی هیچی پێنەکرا و نەیکرد، بەمانەی ئێستا لە دەورین ناتوانێت هیچ بکات".
لە بارەی پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:" پەیوەندییمان لەگەڵ هەموو حزبەکان زۆر باشە و بەرەو پێش دەچێت، پەیوەندییمان لەگەڵ حزبە ئیسلامییەکان باشە و ئۆپۆزسیۆنێکی باش و بەڕێزن و قەت حەز ناکەم عەزێت بدرێن".
راشیگەیاند:"لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود پەیوەندییمان باشە و ئێمە پشتیوانی کاکە حەمەین، بەڵام لە ناکۆکییەکەیاندا ئێمە دەستوەردان لە کاروباریان ناکەین و جوان نیە، ئەوەی ئەوان زیاتر خێزانییە".
لە بارەی گۆڕانیشەوە، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد:"کێشەکانی گۆڕان پەیوەندی بە یەکێتییەوە نیەو، ئەوە کاری گۆڕان هی خۆیانە و لەگەڵ هەردوو لایەندا دادەنیشین، بەڵام بیرمان ناچێت گۆڕان کوردستانی تێکدا و باڵانسی هاوسەنگی تێکدا، ئێستاش زۆر قورسە گۆڕان ببێتەوە بە گۆڕانێکی بەهێز".
پەیوەست بە پەیوەندییان لەگەڵ نەوەی نوێ و دیدو بۆچوونی لەسەریان، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:" کاک شاسوار قسە دەکات و بەڵێن دەدات کە خۆی دەزانێت جێبەجێ ناکرێت، لە هەڵبژاردندا بەڵێن دەدات و قۆڵی خەڵک دەبڕێت، ئەو سیاسەت بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت، کاک شاسوار هەمان چارەنوسی گۆڕانی دەبێت". لە بارەی ئەو لێدوانەی شاسوار عەبدولواحید کە وتبوی کورسییەکان دەدەن بە حزبەکان جگە لە پارتی، سەرۆک بافڵ رایگەیاند:" کاک شاسوار ئەگەر کورسییەکانمان بداتێ، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێم دەبەم، با بمانداتێ، بەڵام نایدات و هیچیش ناکات".
سەرۆکی یەکێتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد:" پەیوەندیم لەگەڵ د. بەرهەم و کاک مەلا بەختیار نییە، بەڵام کوردییەکەیان لە من باشترە".
لە بارەی بە ژیانی تایبەتی خۆشیەوە، بافڵ تاڵەبانی لایەنەکانی ژیانی تایبەتی خۆی روونکردەوە و رایگەیاند:" من و کاک قوباد ژیانێکی قورسمان لە بەریتانیا هەبوو، لە دایک و باوکمان دوور بووین، لەوێ کاری میکانیکیم کردووە لە چێشتخانەدا کارم کردووە، ئەوە ئێمەی کرد بەوەی ئەمڕۆ هەین، بۆیە شانازی بەو کارانەوە دەکەم کە لە بەریتانیا کردوومن".
ئاماژەی بەوەشکرد، کە" کوڕەکەم ناوناوە کۆبان، ئەو شەڕەی کە برادەران لە کۆبانێ کردیان زۆر گەورە بوو، بەڵام کوڕەکەی من ناتوانێت بگات بە گەورەیی ئەو ناوە، بۆیە دەبێت هەر هەوڵبدات"، ئاشکراشی کرد :" من لە لاڤەی هاوسەرم جیابوومەتەوە، بەڵام هەمیشە پشتیوانی دەکەم، منداڵەکان بۆ من و لاڤە خان زۆر گرنگن".
بافڵ تاڵەبانی زیاتر باسی لە ژیانی خۆی کرد و رایگەیاند:" فریای منداڵەکان و وەرزش دەکەوم و پلانەکانم وەک خۆی جێبەجێ دەکەم، وەرزش بەشێکی سەرەکی تەندروستی مرۆڤە، وەرزش دەکەم بۆ ئەوەی سیاسییەکی باش بم، هەموو ئیشەکانی خۆم خۆم دەیکەم".
ئاماژەی بەوەشکرد:" حەزم لە ژیانی کوردستانە و کەم گەشت دەکەم، ژیان لەناو گەلی خۆت خۆشە".
لە بارەی ئارەزووەکانیشەوە، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند:" حەزم لە کاری میکانیکییە، هەروەها زۆر حەزم لە خوێندنەوەیە و خولیای خوێندنەوەم هەیە، رۆژانە 30 بۆ 40 دەقیقە کتێب دەخوێنمەوە، بەڵام حەزم لە خوێندنەوەی ئەلیکترۆنی نیە، کتێب خوێندنەوەم زۆر پێشخۆشترە، حەزم لە بابەتەکانی ستراتیج و مێژوو و هەموو بابەتەکانی دیکەش هەیە و دەیانخوێنمەوە".
ئەوەشی خستە روو:"ئەگەر سەرۆکی یەکێتی نەبوومایە، حەزمدەکرد رێکخراوێکی خێرخوازی دروستبکەم، دەمویست هاوکاری منداڵان بکەم"، لە بارەی یانەی دڵخوازی خۆیشی، سەرۆک بافڵ رایگەیاند:" لە وەرزشدا هەموومان گروپی مانچستەر یونایتدین، لە ماڵی ئێمە بەهۆی کاک قوبادەوە دەبێت هەموومان هاندەری مانچستەر بین، منیش کاک قوبادم زۆر خۆشدەوێت و نزیکترین کەسمە لە ژیانمدا".
لە بارەی ژیانی سیاسیشیەوە، سەرۆکی یەکێتی ئاشکرای کرد:" ئەوەی دەیڵێم دەیکەم، سیاسەت بە جۆرە کلاسیکییەکە ناکەم، سیاسەتم زۆر بەجدی وەرگرتووە و سەرکەوتووش دەبم، گەلەکەمان شیاوی ئەوەیە کە ژیانێکی باشتری هەبێت، مەبەستم هەموو کوردستانە کە دەبێت ژیانێکی باشتریان هەبێت".
راشیگەیاند:" من تاکە کەسێکم لە ناو یەکێتیدا،ئەگەر تیمم لەگەڵ نەبێت هیچم بۆ ناکرێت، گرنگی بە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان دەدەم، من دەمەوێت پێکهاتەکان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، حەزیش دەکەم لەم پەرلەمانە یاسایەک دابنێین کە پارێزگاری لە پێکهاتەکان بکات".
روونیشی کردەوە:"من سیاسەت لە بەغدا دەکەم، هەولێر پایتەختی کوردستانە و موڵکی حزبێک نیە، گرنگە لە هەولێر مەکتەبی سیاسیمان هەبێت، بەغدا پایتەختی عیراقە و زۆرینەی بڕیارەکان لە بەغدا دەدرێت، سیاسەت لە بەغدا دەکرێت، بۆیە مەکتەبی سیاسیمان لە بەغداش هەیە".
لە بارەی دەرکەوتنی بە تەنها و بێ پاسەوان، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:"ئەگەر لە چێشتخانەیەک پێویستم بە پاسەوان بێت، ئەوە واتای ئەوەیە من ئیشی خۆم باش نەکردووە و شارەکە ئەمین نیە، بۆیە پاسەوانم نیە لەو شوێنانە، پاسەوانی زۆر واتای ئەوەیە کە لە گەلی خۆت دەترسیت".
پەیوەست بە ئازادی رادەربڕین و ناڕەزایەتییەکان، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد:" سلێمانی ئەگەر ئازادی رادەربڕینی تێدا نەبێت، هەڵە دەکەین، ئێمە دەبێت گوێ لە گەلی خۆمان بگرین و واجبی منە کە کۆببمەوە لەگەڵ ئەوانەی کێشەیان هەیە و ناڕازین، بەڵام یەکێتی چەند بەهێز بێت،ئەوەندە باشتر دەتوانین یارمەتی خەڵکی خۆمان بدەین.
پەیوەست بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:" لە هەڵبژاردنەکاندا هەندێک بەڵێنم بە خەڵکی دا بەڵێنەکانی هەڵبژاردن پشتیوان بە خوای گەورە جێبەجێ دەکەین ، کە دەڵێم دەیروخێنم، واتای ئەوە نیە کە حکومەت دەروخێنم، بەڵکو مەبەستم ئەوە بوو کە یەک حزب نامێنێت و ئەوەشمان کرد".
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد:"لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا باسی تەوتینم کرد، کاک مەسرور تیمێکی لە هەژماری من ناردە لای من، دوای گفتوگۆ کردن ئەو خاڵانەمان لابرد کە لە هەژماری مندا هەبوون و نەگونجاو بوون، دەکرێت خاڵە باشەکانی تەوتین و هەژماری من بکەین بە سیستمێک".
بۆ ئەو ستایلەی لە هەڵبژاردنەکانیش پەیڕەوی کرد، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند:"لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان ئەوەم کرد کە خۆم بووم لەگەڵ خەڵک قسەم دەکرد،ئەو ستایلە خۆم هەڵمنەبژارد هەر بەو جۆرەم، من نواندن ناکەم، پرۆسەی هەڵبژاردن خۆش بوو، عیراقیش بەڕێوەیە".
لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:" من لێرە باس لە دانوستانی تایبەتی خۆمان لەگەڵ پارتی ناکەم، کاری ئێمە ئەوەیە جیاوازییەکان لە یەکتر نزیک بکەینەوە، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکێک کە خزمەتی گەلەکەمان بکات".
دووپاتیشی کردەوە:" ئێمە دەمانەوێت حکومەتی ئەمجارە باشتر بێت لە کابینەکانی پێشووتر،بەبێ ئۆکەی یەکێتی حکومەت پێکنایەت، ئێمە تا ئێستا لە پێکهێنانی حکومەت نەگەیشتوینەتە سەر دابەشکاری پۆستەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد:" لەگەڵ کاک مەسرور کۆبوومەتەوە و دڵم بە کۆبوونەوەکان خۆشە، ئەنجامی باشی دەبێت،ئەگەر لێمان تێکنەدەن".
بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عیراقیش، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:" لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار هیچ دانوستان ناکەین و ئیستحقاقی یەکێتیە و گفتوگۆی لەسەر ناکەین، پێشتررێککەوتنی ستراتیژی هەبوو، بەڵام پارتی شکاندی".
پەیوەست بە پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ لایەنە عیراقییەکان، رایگەیاند:" پەیوەندییمان لەگەڵ زۆرینەی لایەنەکانی عیراق زۆر باشە ،چەندین جار کێشەی مووچە هەبووە، کاک قوبادی چاکی کردووە".
بافڵ تاڵەبانی دووپاتیشی کردەوە:" زۆر ئاساییە لە کوردستان یەکتر بدرێنین، بەڵام دەبێت لە بەغدا بەشێوازێکی دیکە سیاسەت بکەین، کورد یەکڕیز نەبێت ناتوانین گەلەکەمان بپارێزێت".
لە بارەی گروپە چەکدارەکانی عیراقیشەوە، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند:" ئەو گروپانەی لە دەرەوەی یاسان دەبێت بچنەوە ناو یاسا، یان پارچە پارچە بکرێن، ئەوان بۆیان نیە لە بری عیراق بڕیار بدەن، کردەوەکانیان دواتر زیان لە هەموومان بدات". راشیگەیاند:" قبوڵی ناکەین موشەکبارانمان بکەن، یەک موشەکمان تێبگرن ئێمە چواریان تێدەگرین کردوومانەوە و دەیکەین".
بافڵ تاڵەبانی پێشبینی گۆڕانکاری لە ناوچەکە کرد و رایگەیاند:" ئەم ناوچەیە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بە دەسەڵاتدارانی عیراقم گوت نرخی نەوت زۆر دادەبەزێت و دێتە خوار 45 دۆلار، کاک مەسروریش ئەوە دەزانێت".
لەسەر دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک، سەرۆکی یەکێتی ئاشکرای کرد:"ئێمە پارێزگاری کەرکوکمان دانا، کە وڵاتی زۆر گەورە گەورە دژی بوون، بەڵام دانانی قورس نەبوو".
راشیگەیاند:" بەرنامەی بردنەوەی کەرکوک نوێ نیە، شت بە بەرنامە دەکرێت".
بافڵ تاڵەبانی ویستی یەکێتی نیشاندا کە بەیەک لیستی کوردی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن و لەو بارەیەوە رایگەیاند:" بۆ هەڵبژاردنی عیراق بەرنامەمان داناوە و ئامادەیە، ئەگەر کورد یەک بێت یان بە جیا بێت ئێمە ئامادەین، بەڵام حەزدەکەین بە یەک لیست دابەزین".
لە بارەی تێڕوانین و سیاسیەتی یەکێتی بۆ نەوت و غاز، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند:"سیاسیەتی یەکێتی بۆ نەوت وغاز سیاسەتێکی لۆجیکیە، ئێمە لە کەیسی نەوت رازی نین، ئەو هەڵانەی هەن با نەیهێڵین، با یەکەمجار غازەکە بۆ ناوخۆی کوردستان بەکاربهێنین، دوایی ئەگەر پێویستمان بە غاز نەما دەکرێت غاز بنێرین بۆ بەغدا و دەرەوە، سیاسەتی ئێمە بۆ غاز و نەوت شەفافیەت و دادپەروەرییە".
ئاشکراشی کرد:"لەناو کۆبوونەوەدا پێم وتراوە نرخی نەوت دەهێنرێتە خوار 45 دۆلار، ئەو کێشەی گەورەمان لە مووچەدا دەبێت و دەترسم بەغدا نەتوانێت مووچە بدات".
سەرۆکی یەکێتی لەسەر دۆخی رۆژئاوا و سوریا ئاشکرای کرد:"پەیوەندی زۆر باشم لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێدا هەیە و هەموو هەفتەیەک قسە دەکەین، زۆر بە وردی چاودێری دۆخی سوریا دەکەم، ئەوەی ئێستا زۆر گرنگە ئەوەیە کورد مافی خۆیان بەدەستبهێنن".
راشیگەیاند:" خۆشبەختانە دانوستانەکان لەگەڵ سوریا باش رۆیشتووە، ماوەی 23 رۆژە ئاگر بەست راگەیەندراوە و هیوادارم بەردەوام بێت"، ئاماژەی بەوەشکرد:" دەتوانن سود لە ئەزمونی هەرێمی کوردستان وەربگرن، بەڵام با هەڵەکانی ئێمە دووبارە نەکەنەوە".
لە بارەی تورکیاشەوە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:" تورکیا وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکە، دوای گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتی زانیاری هەڵەیان بۆ تورکیان نارد، تورکەکان داواکاریان هەبوو، ئێمە جێبەجێمان نەکرد، ئەوان ئێستا تێگەیشتوون، ئێمە دەمانەوێت وەک مام جەلال مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشەیە بکەین".
دووپاتیشی کردەوە:" پە*کە*کە بە تیرۆرست نازانم، من ئەو وشانە بەکارناهێنم، ئێمە دەتوانین هاوکاری تورکیا بین بۆ گفتوگۆ و ئاشتی، ئێمە لەم شتانەدا هاوکاریانین، بەڵام ئیشی ئێمە نیە خوێنی کورد بڕێژین، واز لە کوردایەتی ناهێنین بۆ ئێمە کوردایەتی هەر قسە نییە".
لە بارەی سیاسەتەکانی ترەمپ و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند:" سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا زۆر واقعیە"، بۆ دانوستانی ئەمریکا و ئێرانیش، رایگەیاند:" رێکنەکەوتنی ئەمریکا و ئێران کاریگەری لەسەر عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، عیراق دەبێت پیشانی ئەمریکا و ئێرانی بدات، کە بەشێک نیە نە لە ئەمریکا و نە لە ئێران".
|