میدیای ئێران: گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا لە "کەشێکی بونیادنەردا" بەڕێوەچوو

3   کاتژمێر پێش ئێستا  100 جار خوێنراوەتەوە

میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، گفتوگۆی ئەتۆمی لەنێوان شاندی وڵاتەکەی و شاندی ئەمریکا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆتایی هات و "لە چەند رۆژی داهاتوودا" جارێکی دیکە کۆدەبنەوە. 

تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، کۆبوونەوەی شاندی هەردوولا لە باڵیۆزخانەی عومانی نێوەندگیر، نزیکەی چوار کاژێری خایاندووە. 
 
بە گوێرەی میدیاکە، کۆبوونەوەکە لە "کەشێکی بونیادنەردا" بەڕێوەچووە. 
 
ئەمە دووەم گەڕی دانوستاندن بوو لەنێوان تاران و واشنتن، دوای ئەوەی شەممەی رابردوو، 12ی نیسان، لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە. 
 
شاندی ئەمریکی بە سەرکردایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شاندی ئێرانی بە سەرکردایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون. 
 
دانوستاندنەکان لە کاتێکدان، هێشتا لەنێو ئیدارەی ترەمپ، هەروەها لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیلیش، مشتومڕ هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا دەبێت بە دیپلۆماسی یان هێرشی سەربازی رێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە بکرێت. 
 
تاوەکو ئێستا، ترەمپ دژی بۆچوونی ئەوانە وەستاوەتەوە کە داوای جەنگ دەکەن، لە نێویاندا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵکو پێداگرە لەسەر ئەوەی بە رێککەوتن بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کۆتوبەند بکات. 
 
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە؛ تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە. 
 
رۆژی هەینی، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەوانانی وت: "دەمەوێت ئێران وڵاتێکی مەزن و خۆشگوزەران و ناوازە بێت، بەڵام نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت. ئەگەر چەکی ئەتۆمیشیان هەبێت، ئێوە هەمووتان زۆر خەمگین دەبن، چونکە ژیانتان لە مەترسیی گەورەدا دەبێت."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە