ئەمریکا بۆ هاووڵاتیانی: سووریا سەلامەت نییە؛ سەردانی مەکەن

15   کاتژمێر پێش ئێستا  78 جار خوێنراوەتەوە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق هۆشداری بە هاووڵاتییانی ئەمریکا دەدات سەردانی سووریا نەکەن، لەبەر ئەوەی "زانیاریی متمانەپێکراو"یان هەیە لە چەند شوێنێک ئەگەری "هێرشی مسۆگەر" هەیە. 
 
باڵیۆزخانەکە کە لە ساڵی 2012ـەوە هەموو کارەکانی لە سووریا وەستاندووە، لە ماڵپەڕی خۆی ئاگانامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە زانیاریی متمانەپێکراو دەکات سەبارەت بە روودانی هەندێ هێرشی چاوەڕوانکراو بەم زووانە، لە نێویاندا لەو شوێنانەی زۆر گەشتیار سەردانیان دەکەن"، هۆشداریش دەدات کە "نابێت هیچ شوێنێکی سووریا بە پارێزراو لە تووندوتیژی ببینرێت."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات، سەردانی سووریا نەکەن، لەبەر ئەوەی "مەترسیی بەرچاوی تیرۆر، پشێویی نێوخۆیی، رفاندن، بەبارمتەگرتن، ململانێی چەکداری و دەستگیرکردنی نادادپەروەرانە هەیە."
 
دەشڵێت: "وەزارەتی دەرەوە هاووڵاتییانی ئەمریکا ئاگادار دەکاتەوە کە تیرۆریستان بەردەوامن لە نەخشەڕێژی بۆ رفاندن، تەقینەوە و هێرشی دیکە لە سووریا. دەکرێت بێ هیچ یان بە هۆشداریی پێشوەختی کەمەوە هێرش بکەن، شوێنی بۆنە گشتییەکان، هۆتێل، یانە، خواردنگە، شوێنی پەرستش، قوتابخانە، پارک، مۆڵ، ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی و شوێنی کۆبوونەوەی خەڵک بکەنە ئامانج."
 
باڵیۆزخانەکە روونیدەکاتەوە، دەکرێت هێرشەکان لە لایەن تاک یان کۆمەڵەی چەکدارەوە بکرێن، یانیش لە رێگەی تەقاندنەوەی بۆمبەوە بن. 
 
دامەزراوە دیپلۆماسییەکە وەبیری هاووڵاتییانی ئەمریکی دەهێنێتەوە کە حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت یارمەتییان بدات، بۆیە داوایان لێدەکات، بۆ هەر یارمەتییەک، پەنا بۆ باڵیۆزخانەی چیک لە دیمەشق ببەن کە شوێنێکی تایبەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لێیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە