تا ئێستا 22 کیلۆمەتری 100 مەترییەکەی سلێمانی قیرتاو کراوە
2025-04-18
351 جار خوێنراوەتەوە
درێژیی رێگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی 32 کیلۆمەترە. وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ''چینی یەکەمی 22 کیلۆمەتری رێگەکە قیرتاوکراوە و نزیکەی 65%ـی کارەکانی تەواو بووە.''
زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند: ''کارکردن لە پڕۆژەکەدا بەردەوامە و زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن، بەهۆی وەرزی باران و دابەزینی پلەی گەرما قیڕتاوکردن وەستابوو، بەڵام ئێستا کاری تێدا دەکرێت.''
وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ئێستا نزیکەی 65%ـی کارەکانی شەقامی 100 مەتری تەواوکراون، درێژیی رێگەکە 32 کیلۆمەترە، چینی یەکەمی 22 کیلۆمەتر قیرتاوکراوە، بڕین و تێکەڵەڕێژیش 95% تەواو بووە.
بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە حەوت یەکتربڕ، پێنج ئەندەرپاس، چوار پرد و فلای ئۆڤەرێک دروست دەکرێن. بە وتەی زەردەشت رەفیق، ''دوایین وادە بۆ تەواوکردنی شەقامەکە مانگی ئەیلوولی 2026ـە.''
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کە بە ''ئۆتۆبانی بابان''یش ناسراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان. لە 11-7-2020 بەردی بناغەی دانرا، بە چەند قۆناغێك جێبەجێ دەكرێت، گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە و بڕیار بوو لە ماوەی 1100 رۆژ واتە تاوەکو 30-8-2023 تەواو بکرێت.
|