کۆمسیۆن وادەی تۆمارکردنی ناوی حزب و کاندیدەکانی راگەیاند
2025-04-12
88 جار خوێنراوەتەوە
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق کاتی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و حیزب و لیست و کاندیدە تاکەکانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریکرد.
بەپێی نوسراوێک کە لە فەرمانگەی هەڵبژاردنەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق-ەوە دەرچووە و وێنەیەکی دەست 7ROJ کەوتووە:" كۆمسیۆن رۆژی 15/4/2025 تاوەکو 4/5/2025 دیاریکردووە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و حیزب و لیست و کاندیدە تاکەکان کە ئارەزووی بەشداریکردنییان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق-دا هەیە".
رۆژی پێنجشەممە 9-4-2025 نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رایگەیاند: "ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدا و بڕیاریدا رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجامبدرێت".
هاوکات جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە میدیاکانی راگەیاند: "كۆمسیۆن ئامادەیە لەو وادەیەی كە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریكردووە پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەببات".
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە خولی پێنجەمیدایە كە لە 10-10-2021 هەڵبژاردنی بۆ كراوەو بە هەڵبژاردنی 329 ئەندام لە 9-1-2022 یەكەم دانیشتنی ئەنجام داوە، هاوکات ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنەكە.
|