مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەخت لەهەناردەکردنەوەی نەوت دەكەنەوە
2025-04-12
130 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و هەردولا هاوڕابون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، "هەرێم ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە".
پێگەی فەرمی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمرۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی سەرۆکی، حکومەتی هەرێم و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و وێڕای تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەختیشیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی دولایەنە کردەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە پەیوەندییەکەدا، هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگیی بەهێزکردن و پتەوکردنی دۆستایەتی و هاوپەیمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هاوڕابون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.
لایخۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بوەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان و ڕۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەردولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەیوەندیی و هاوئاهەنگیی بەردەوامدا بن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش.
|