نێچیرڤانی بارزانی: پێويسته په‌كه‌كه پابەندی بڕیارەكەی ئۆجەلان بێت
2025-04-11
151 جار خوێنراوەتەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیا ئێوارەی لە پەراوێزی چوارەمین کۆڕبەندی ئەنتالیا كۆبونەوە و سەرۆكی هەرێم ڕایگەیاند، باسيان له پرۆسه‌ى ئاشتى و دوا كۆبونه‌وه‌ى سه‌رۆك ئه‌ردۆگان له‌گه‌ڵ شاندى ئيمرالى كرد. دەشڵێت، "بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى، پێويسته په‌كه‌كه به‌پير بانگه‌وازى به‌ڕێز ئۆجالانه‌وه بچێت و به‌ته‌واوى پابه‌ندى بێت".
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێواره‌ى ئەمڕۆ هه‌ينى له چوارچێوه‌ى به‌شداريكردنیدا له كۆڕبه‌ندى ئەنتالیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ ڕەجەب تەيب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا كۆبوه‌وه.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە کۆبونەوەکەدا باسيان له گرنگيی پەیوەندییه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان له هه‌مو بواره‌كاندا کرد و تيشكيان خسته سه‌ر پرۆژه‌ى ڕێگه‌ى گه‌شه‌پێدان. هه‌روه‌ها جه‌ختيان لەسەر خواستى دولايه‌نه بۆ فراوانکردنی هاريكاريی هاوبه‌شى نێوانيان كرده‌وه، به شێوه‌يه‌ك خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى هه‌ردولا بكات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌دا، باسيان له پرۆسه‌ى ئاشتى و دوا كۆبونه‌وه‌ى ئه‌ردۆگان له‌گه‌ڵ شاندى ئيمرالى كرد. نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ستايشى ڕۆڵى ئه‌ردۆگان له‌مباره‌يه‌وه، پرۆسه‌كه‌ى به مێژويى له قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌ر هاوكارييه‌ك له‌پێناو سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌دا ئاماده‌يه".
نێچیرڤان بارزانی لە میانی كۆبونەوەكە ڕایگەیاندوە، پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌رفه‌تێكه ده‌بێت هه‌موان زۆر به جددى وه‌ريبگرن و نابێت به هيچ شێوه‌يه‌ك ئه‌م ده‌رفه‌ته له‌ده‌ست بدرێت. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه دوپاتى كرده‌وه بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى، پێويسته په‌كه‌كه به‌پير بانگه‌وازى به‌ڕێز ئۆجالانه‌وه بچێت و به‌ته‌واوى پابه‌ندى بێت.
لەكۆبونەوەكەدا دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و دۆخى سوريا به‌تايبه‌تى، گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه بو.
|