نرخی گازوایل لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە
51 خولەک پێش ئێستا
25 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی گازوایل لە بۆرسەکانی هەرێمی کوردستان و زیادبوونی هەناردەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، نرخی یەک لیتر گازوایل لە بازاڕ و بەنزینخانەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
نرخی گازوایل ڕووی لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو کردووە، بە شێوەیەک ئێستا یەک لیتر گازوایل بە کۆ گەیشتووەتە هەزار و 300 دینار، لە بەنزینخانەکانیشدا یەک لیتر لە نێوان هەزار و 450 بۆ هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا پێشتر نرخی یەک لیتر لە نێوان هەزار و 150 بۆ هەزار و 200 دیناردا بوو.
هۆکاری سەرەکیی گرانبوونەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە عێراق زیاتر گازوایل هەناردەی دەرەوە دەکات و کەمتر دێتە بازاڕەکانی ناوخۆ، هاوکات ئەگەر دۆخی پێدانی کارەبای نیشتمانی جێگیر نەبێت و خواست لەسەر مۆلیدەکان زیاد بکات، ئەگەری هەیە نرخی یەک لیتر گازوایل دوو هەزار دیناریش تێپەڕێنێت.
میدیای پارتی دەڵێت ئەگەر پاڵاوگە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان هاوکار نەبن و گازوایل نەخەنە بازاڕەکانەوە، لە قۆناغی داهاتوودا گازوایل دەستناکەوێت و دەبێتە قەیران و نرخەکەی زیاتر بەرز دەبێتەوە.
هاوکات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گازوایل کرێی گواستنەوەی بارهەڵگر و گەڵابەکانیش بەرزبووەتەوە، ئەگەر پێشتر یەک باری چەو و لم بە 100 هەزار بووبێت، ئێستا گەیشتۆتە زیاتر لە 120 هەزار دینار، ئەمەش کاریگەری لەسەر هاووڵاتیان و کاسبکاران دروست کردووە.
|