ترەمپ: رۆژی شەممە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەکەین

2025-04-08  193 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ تاراندا هەیە و گفتوگۆکان باڵان. وتیشی، رۆژی 12ـی مانگ کۆبوونەوەیان دەبێت. بەبۆنەی "دەست بەسەردا گرتنی سووریا" پیرۆزبایی لە ئەردۆغان دەکات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد. ترەمپ لەکاتی قسەکردن بۆ رۆژنامەڤانان لەبارەی ئێران گوتی: "رۆژی شەممە کۆبوونەوەیەکی زۆر گەورەمان هەیە و بە شێوەیەکی راستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین."
 
ترەمپ وتی: "لەوانەیە رێککەوتنێک بکەین، ئەمەش زۆر مەزن دەبێت. کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممە لە ئاستی باڵایە."
 
پرسیار لە ترەمپ کرا، ئایا وەڵامی سەربازی بۆ لابردنی هەڕەشەی ئەتۆمی لە ئێران دەبێت؟ رایگەیاند: "ئێران نابێت ببێتە خاوەنی ئەتۆم. ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سەریان نەگرت، ئێران لە کێشەدا دەبێت."
 
تورکیا و سووریا 

پرسیار لە ترەمپ لەبارەی ئەو هەڵوێستەی تورکیا کرا کە رایگەیاندبوو دۆخی سووریا سەقامگیر دەکات. ئەو وتی، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەیە و "پێموانییە ئەمە ببێتە کێشە."
 
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، ئەو دەتوانێت هەر کێشەیەک "چارەسەر" بکات کە ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا لەبارەی دەستخستنتی کۆنتڕۆڵی زیاتر لە سووریا هەیەتی.
 
ترەمپ پیرۆزبایی لە ئەردۆغان کرد و وتی: "ئەو دەستی بەسەر سووریادا گرت، کارێک کە کەس نەیدەتوانی بیکات." 
 
غەززە
 
ترەمپ غەززەی بە "پارچەیەکی زۆر گرنگی خانووبەرە عەقارات" وەسفکرد و وتی: "زۆر باش دەبێت ئەگەر هێزی ئاشتیخوازی ئەمریکا کۆنترۆڵی غەززە بکات و ببێتە خاوەنی."
 
ترەمپ دووبارە باسی "ناردنە دەرەوەی فەلەستینییەکانی غەززە"ـی لە خاکی خۆیان کرد و رایگەیاند: "لە غەززە زۆنێکی ئازاد دروستدەکەم."
 
ترەمپ هەروەها وتی: "ئێستا غەززە شوێنێکە کە کەس نایەوێت لێی بژیت."
 
بنیامین نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەشکرد، دووبارە بنیاتنانەوەی غەززە چەندین ساڵی دەوێت. "من و سەرۆک ترەمپ دیدێکمان بۆ غەززە هەیە و کاری لەسەر دەکەین."
 
لەبارەی بارمتەکانەوە ترەمپ رایگەیاند، ئەو زۆر بە چڕی هەوڵدەدات بارمتەکانی غەززە رزگار بکرێن. "ئەمریکا چاوی لە ئاگربەستێکی دیکەیە، با بزانین چی روودەدات."
 
ترەمپ سوپاسی نەتەنیاهووی کرد و وتی: "ئەو هەوڵی زۆر بۆ رزگارکردنی بارمتەکان دەدات و کارێکی مەزن دەکات." 
 
نەتەنیاهووش وتی: "من هاوبەشێکی مەزنم هەیە."
 
حووسییەکان
 
ترەمپ لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن کە هاوسۆزییان بۆ حەماس دەربڕیوە وتی: "بەڕاستی زیانی زۆرمان لێداون و ئازاری زۆرمان داون."
 
ترەمپ راشیگەیاند، ئێستا حووسییەکان نازانن چی دەکەن، "ئەمریکا چەندین سەرکردە و شارەزا و پسپۆڕی مووشەکی ئەوانی کوشت."
 
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە دانیشتنەکە ئامادەبوو و وتی: "هێرشی سەر حووسییەکان بەردەوام دەبن، تاوەکو رایدەگەیێنن کە چیدیکە هێرش ناکەنە سەر کەشتییە ئەمریکییەکانی دەریای سوور. بە ئێرانیشمان وتووە پشتیوانی لە حووسییەکان نەکەن."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە