هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای ئەمریکا سەردانی عێراق دەکات
2025-04-06
248 جار خوێنراوەتەوە
عێراق چاوەڕوانی سەردانی شاندێکی باڵای بازرگانی ئەمریکا دەکات کە پێکهاتوە لە نوێنەرانی وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا و ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی کە لە کەرتە ئابورییە جیاوازەکاندا کاردەکەن لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان هەردو وڵاتدا.
فەرهاد عەلائەدین، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕایگهیاند، لەم هەفتەیەدا شاندێکی باڵای بازرگانی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەردانی عێراق دەکات بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان هەردو وڵات.
ئاماژهی بهوهشكرد، "ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر هەلی وەبەرهێنان و هاوکاری لە پڕۆژە ستراتیژییە ئەولەویەتییەکان لە عێراق، هەروەها پتەوکردنی هاوبەشی نێوان کەرتی تایبەت لە هەردو وڵات، جگە لە فراوانکردنی بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، و گواستنەوەی شارەزایی تەکنیکی و تەکنەلۆژی، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی ئابوری لە عێراقدا بکات".
بە وتەی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، شاندەکە لە نوێنەرانی وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا پێکدێت، هەروەها ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی ئەمریکا کە لە کەرتەکانی وزە، ژێرخانی، تەکنەلۆجیا، خزمەتگوزارییە داراییەکان، پیشەسازی، تەندروستی و بازرگانی گشتی کاردەکەن، جگە لە نوێنەرانی ژوری بازرگانی ئەمریکا.
فەرهاد عەلائەدین سەردانەکەی شاندی بازرگانی ئەمریکا بە ئاماژەیەکی ڕون بۆ متمانەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراق ناوبرد، لە هەمان کاتدا هەنگاوێکی کردەیی بە ئاڕاستەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییە دو قۆڵییەکان دەزانێت.
ئهو ڕاوێژكاره دەشڵێت، "ئەو سەردانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ هاریکاری، بەتایبەتی لەو کەرتانەی کە حکومەتی عێراق هەوڵی پەرەپێدانی دەدات، وەک وزە و وزەی نوێبوەوە، گۆڕینی دیجیتاڵی و خزمەتگوزارییە بانکییەکان".
عەلادین جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرەڕای ئەو تەحەددایانەی ناوچەکە شاهیدییەتی، پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەسەر بنەمای ستراتیجی و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراون، ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ژینگەی بازرگانی، بە شێوەیەک کە ڕەوتی نەرم و نیان و هاوکاری لەگەڵ هەمو هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ئەمریکا بپارێزێت.
27ی تشرینی یەکەمی ڕابردو فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، دوای سەرپەرشتیکردنی کۆبونەوەی ئاسایی لیژنەی باڵای هەماهەنگی بۆ ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن، جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و هەنگاونان بۆ هاوبەشییەکی بەهێزی ئابوری کردەوە.
فوئاد حسێن جەختی لە سەر ئەوەکردەوە کە تەنیا گرنگی بە لایەنە سەربازی و ئەمنییەکان نەدرێت، بەڵکو پەرەپێدانی هاوکارییەکان بکرێت بۆ ئەوەی بوارەکانی ئابوری، تەندروستی، پەروەردەیی و ژینگەیی بگرێتەوە.
پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا پەیوەستە بە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژییەوە کە عێراق لە ساڵی 2008 لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا واژۆی کرد، هەروەها هەردولا لە ساڵی 2009 دەستیان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کرد.
ڕێککەوتنەکە 11 بڕگە لەخۆدەگرێت کە بوارەکانی دیپلۆماسی، سیاسی، ئەمنی، ئابوی و ڕۆشنبیری لەخۆدەگرێت، ئهوه جگه له پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نێوان هەردو وڵات بەپێی بنەمای یەکسانی له سەروەری و ماف و بەرژەوەندی هاوبەش.
|