تەواوی قسەکانی رۆناڵدۆ لە دوایین چاوپێکەوتنیدا

2025-02-07  43 جار خوێنراوەتەوە

کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، پێیوایە هیچ کەسێک لەو باشتر نییە. رۆناڵدۆ قسەی لەسەر پەیوەندی نێوان خۆی و مێسی کردووە و دەڵێ هەموو کات پەیوەندییەکی باشمان هەبووە. لەبارەی وردەکاریی و نهێنییەکانی ژیانییەوە دەڵێ، هەموو رۆژ ویستی بەدەستهێنانی زیاترم هەیە.
 
رۆناڵدۆ چاوپێکەوتنێکی درێژی لەگەڵ ئیدۆ ئاگێری بەبۆنەی بوونی بە چل ساڵەوە کردووە. وەڵامی زۆر پرسیاری جیاوازی لەبارەی رووداوی جیاوازەوە داوەتەوە.
 
باشترینی مێژوو
 
رۆناڵدۆ لە چاوپێکەوتنەکەدا، چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە کە ئەو باشترین یاریزانی مێژووە و دەڵێ، "من باشترینی مێژووم؟ بەڵێ پێموایە".
 
لەبارەی پاڵنەرەوە بۆ ئەوەی ئەو قسەیە بکات، دەڵێ، "من مەزنترین گۆڵکەری مێژووم، چەپلەرنین، بەڵام لەنێو باشترین دە گۆڵکەری مێژوودام بەقاچی راست، ئەمە ژمارەکانمە".
 
هەروەها دەڵێ، "من کامڵترین یاریزانم، سەرێکی باشم هەیە، لێدانی راستەوخۆم باشە، خێرام، بەهێز و دوور دەفڕم".
 
دووپاتیدەکاتەوە، "تۆ مێسی، یان پێلێ، یان مارادۆنات بەدڵ بێت، من گوێی لێدەگرم و رێزی دەگرم، بەڵام کاتێک دەڵێم کریستیانۆ کامڵە، درۆ نییە، من کامڵترینم، هیچ کەسێک لەخۆم باشتر نابینم و لە قووڵایی دڵیشمەوە ئەو قسەیە دەکەم".
 
گۆڵی ژمارە 1000
 
رۆناڵدۆ باسی نزیکبوونەوەی لە تۆمارکردنی گۆڵی ژمارە 1000 کردووە، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا کۆی 923 گۆڵی تۆمارکردووە، بەرلەوەی تەمەنی ببێتە 40 ساڵ.
 
ئەستێرەکەی نەسڕ دەڵێ، "خەڵک فۆکوسیان بەشێوەیەکی گەورە لەسەر ئەوەیە کە 1000 گۆڵ تۆمار بکەم، دەزانم ئەوە هەڵەی منە و خەڵک پێزانینیان بۆ ئاستی ئێستام نییە".
 
بەردەوام دەبێت و دەڵێ، "گۆڵی زۆر تۆمار دەکەم، بەڵام خەڵک بەهای گۆڵەکانم نازانن، بەڵکو تەنیا دەڵێن 85 گۆڵی دیکە ماوە، من حەزم لەوە نییە، دەبێ شتەکان بەشێوەیەکی سرووشتی بەڕێوەبچن".
 
هەروەها دەڵێ، "ئەگەر 920 یان 930 گۆڵ بکەم، من باشترینی مێژووم لە گۆڵکردندا. ئەگەر بگەمە 1000 گۆڵ، ئەوە نایابە، بەڵام نازانم دەگەم یان نا".
 
ساتی وازهێنان
 
کریستیانۆ دووپاتیکردووەتەوە کە بەنیازی وازهێنان لە تۆپی پێ نییە، ئەگەرچی دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە لە کاروانی خۆیدا.
 
دۆن دەڵێ، "ناتوانم ئەوە بهێنمە بەرچاوی خۆم، بەڵام خۆم بۆ داهاتوو ئامادە دەکەم، لەگەڵ کۆمپانیای جیاواز، لەگەڵ ئەو شتانەی کە دەکرێ پاڵنەرم بن، هەروەها لە رێگەی هاوکاریکردنی کۆمەڵگە و گەنجانەوە".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "بیری لێناکەمەوە، ئەگەرچی زۆر نزیکم لێوەی، زۆر قسە لەگەڵ پێپێ دەکەم و ئەو پێمدەڵێ کاتی وازهێنان، لە هەموو کاتەکانی دیکە باشترە، بەڵام من دەمەوێت ئەوەندەی بتوانم دوای بخەم، تاوەکو زیاتر دوابکەوێت باشترە، تاوەکو دەگەمە تەمەنی 40 یان 42 ساڵی".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەتوانم ئەمڕۆ وازبهێنم و پاشگەزیش نەبمەوە، بەڵام ئەوە دەبێتە ئابڕووچوون، چونکە من هێشتا باش یارییدەکەم و جیاوازیی دروستدەکەم".
 
دواتر گوتویەتی، "دەتوانم ساڵێک تاوەکو دوو ساڵی دیکە بەردەوام بم و جیاوازیی دروست بکەم، هەرلەبەرئەوەشە من زۆر لە ئێستادا دەژیم و نامەوێ بۆ داهاتووی دوور بیر بکەمەوە".
 
لەدوایین قسەدا لەبارەی ئەو بابەتە، رۆناڵدۆ دەڵێ، "ئەگەر کەسێکی دیکە لە جێگەی من بوایە 10 ساڵ بوو وازی هێنابوو، بەڵام من جیاوازم".
 
جامی جیهانی
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەروەها باسی ئەگەری بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026ی کردووە، کە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک میوانداریی دەکەن لە کاتێکدا ئەو تەمەنی سەرووی 41 ساڵە.
 
ئەو دەڵێ، ساڵ و نیوێک بۆ مۆندیال ماوە و تائەوکاتیش زۆر شت دەگۆڕێت.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە بەشداری لە مۆندیالدا بکەم و منیش ئەوەم دەوێت، بەڵام هۆگری نیم.
 
خولی سعودی
 
لەبارەی خولی سعودییەوە، کە رۆناڵدۆ یاریی لێدەکات، کاپتنی نەسڕ دەڵێ، چێژ لە ئەزموونەکەم وەردەگرم. زیاتر روونیکردووەتەوە، "خۆم و خێزانەکەم لێرە دڵخۆشین، من حەزم لە ئاڵنگارییەکانە، هەروەها حەزم لە شتی نوێیە و لە ئاڵنگارییە نوێیەکان ناترسم".
 
زیاتر گوتوویەتی، "چوون بۆ سعودیە ئەزموونێک نەبوو خەوم لێ بزڕێنێت، دەمزانی خولەکە چۆنە، چونکە زۆر یاریزانی پۆرتوگالی لەوێ یارییان کردووە".
 
هەروەها دەڵێ، "پێشبینیم نەدەکرد خولی سعودیە بەو خێراییە گەشە بکات، بەڵام دەمزانی ئاستی بەرز دەبێتەوە وەکئەوەی ئێستا پێی گەیشتووە".
 
زیاتر دەڵێ، "روونە کە خولی ئەمریکا لە خولی سعودیە خراپترە، هەندێک کەس راستییەکە نازانن و قسەی لەبارەوە دەکەن".
 
پەیوەندی لەگەڵ مێسی
 
رۆناڵدۆ لەبارەی پەیوەندی خۆی و مێسییەوە دەڵێ، "هەموو کات پەیوەندیم لەگەڵ میسی باشبووە، جارێک لە ئاهەنگێکی دابەشکردنی خەڵاتەکان وەرگێڕانم بۆ کرد و ئەو بەسۆز بوو"
 
هەروەها دەڵێ، "ئەو هەموو کات بەباشی مامەڵەی لەگەڵ دەکردم، هیوادارم ببینم ژمارەکانمان دووبارە دەبێتەوە، بەڵام پێموایە ئەوە زۆر قورسە".
 
لەبارەی ژیانی خۆیەوە لە سعودیە، کریس دەڵێ، "هەموو رۆژ چێژ لە تۆپی پێ وەردەگرم، هەڵدەستم و قاوەڵتی دەکەم لەگەڵ جۆرجینا و دواتر دەجمە مەشق و دەگەڕێمەوە بۆ نانخواردن".
 
هەروەها دەڵێ، "دوای ئەوە، هەندێک رۆژ دەچمە بەشوێن منداڵەکانمدا لە قوتابخانە، پاشان هەندێکجار دەچمە دەرەوە بۆ نانی ئێوارە".
 
بەردەوام دەبێت و دەڵێ، "هەموو رۆژێک هەڵدەستم و ویستی مەشقکردنم هەیە، ویستێک کە وەک پێشوو نەماوە، تۆزێک کەمی کردووە، بەڵام هەر پاڵنەرم هەیە".
 
زیاتر دەڵێ، "ناچمە جیم بەجۆشوخرۆشەکەی جارانەوە، هەندێک رۆژ هەستدەکەم زۆر باشم و هەندێک رۆژ وانیم، بەڵام من پابەندم بەوەی کە دەبێ بەرامبەر خۆم بیکەم".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە