ترەمپ هەڕەشە لە بەشداریی ئێران لە مۆندیالی داهاتوو دەکات
2025-03-27
268 جار خوێنراوەتەوە
وێڕای سەرکەوتنی هەڵبژاردەی ئێران بۆ مۆندیالی 2026، بەڵام پێدەچێ دڵخۆشیی ئێرانییەکان تاسەر نەبێت و هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیالەکە بێبەش بکرێت.
هەڵبژاردەی ئێران، وەک دووەم هەڵبژاردەی ئاسیا، سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەرکرد، پاشئەوەی لەگەڵ ئۆزباکستان 2 - 2 یەکسانبوو. هەردوو گۆڵەکەی ئێران، مەهدی تارمیی هێرشبەری ئینتەرمیلانی ئیتاڵی تۆماریکردن.
مۆندیالی داهاتوو لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیکەوە میوانداریی دەکرێت و ئەگەری زۆر هەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڵبژاردەی ئێران لە بەشداریکردن لە مۆندیالەکە بێبەش بکات.
میدیای بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، ئەگەر هەیە هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی داهاتوو دووربخرێتەوە، بەهۆی پێشنیازێکەوە کە کۆشکی سپی خستوویەتیە روو و داوایکردووە گەشتکردنی هاووڵاتییانی 41 دەوڵەتی جیاواز بۆ ئەمریکا قەدەخە بکرێت.
ئێران چوارەم جاری لەسەریەک و حەوتەم جارە لە مێژووی خۆیدا بەشداریی لە مۆندیالدا دەکات.
ئەگەر پێشنیازەکەی حکومەتی ئەمریکا دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە بڕیار، ئەگەر هەیە پێدانی ڤیزای ئەمریکا بە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران و هاونیشتمانییانی ئەو وڵاتە رووبەڕووی ئاستەنگ و کێشەی زۆر ببێتەوە و دوورنییە بەهۆی پێنەدانی ڤیزاوە، هەڵبژاردەی ئێران نەتوانێت بەشداری لە مۆندیالدا بکات.
ئێران لەسەرووی لیستی ئەو وڵاتانەیە کە داواکراوە گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا لێ قەدەخە بکرێت، ئەمە جیا لە وڵاتانی دیکەی وەک کۆریای باکوور، یەمەن و سووریا. هەروەها چەندین وڵاتی دیکە ئەگەر هەیە هەڵبژاردەکانیان بگەنە مۆندیال و هەمان قەدەخەی گەشتکردن بۆ ئەمریکا بیانگرێتەوە، لەوانەش کامیرۆن، سوودان، بۆرکینا فاسۆ، کۆنگۆی دیموکرات و ڤێنزوێلا.
تاوەکو ئێستا پێشنیازەکە نەبووەتە بڕیار، بەڵام لەماوەی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، هاونیشتمانییانی چەندین وڵاتی وەک ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سوودان، سووریا و یەمەن لە چوونە ئەمریکا بێبەشکران.
دۆناڵد ترەمپ، لە 20ی مانگی دووی ئەمساڵدا، بڕیارێکی واژۆکرد بەئامانجی پاراستنی ئەمریکا و هاونیشتمانییەکانی لەو بیانییانەی دەیانەوێت هێرشی تیرۆریستی بکەن یان هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەکەن، یان هەڵگری ئایدۆلۆجیای رق و هەوڵی قۆستنەوەی یاساکانی کۆچکردن دەدەن لە بەرژەوەندیی خۆیان.
|