ئاڵای کوردستان لە نێو هۆڵی پەرلەمانی تورکیا بەرزکرایەوە
2025-03-27
99 جار خوێنراوەتەوە
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا ئاڵای هەرێمی کوردستانی بەرزکردەوە و ڕایگەیاند: ئەوەی سووکایەتی پێ بکات، کەسێکی بێئاستە.
سرری ساکیک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی ئاگری، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەنێو پەرلەمانی تورکیا، کاردانەوەی بەرامبەر بە مانسور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە پیشان دا کە ئاڵاکەی بە "پەڕۆ" ناو بردبوو .
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی وتی:ئەم ئاڵایە لە کوردستانی عێراق نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، هەندێک کەسی بێئاست ئەم ئاڵایە بە پەڕۆ ناو دەبەن، بەڵام کاتێک بەرپرسە باڵاکانی هەریمی کوردستان سەردانی تورکیا دەکەن، ئەم ئاڵایە لەگەڵ ئاڵای تورکیا لە فڕۆکەخانەی ئێسەنبۆغا دەشەکێتەوە.
سرری ساکیک باسی لەوەش کرد "پەڕۆی ڕاستەقینە، بیرکردنەوە و ڕەگەزپەرستیی و دوژمنایەتیی کوردە. تورکیا لەوێ کونسوڵخانەی هەیە، ساڵانە یەک ملیار دۆلار هەناردەی بۆ ئەوێ هەیە؛ بۆچی هێندە دوژمنی کوردن؟"
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی هەر لەو بارەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی بڵاو کردەوە "ئەگەر دیموکراسی بۆ هەمووان بێت پێی دەوترێت دیموکراسی. ئێمە دەمانەوێت ڕێز لە هەموو زمان و بیروباوەڕ و ناسنامە و ئاڵاکان بگیرێت."
|