خامنەیی لێبووردنی گشتی بۆ زیاتر لە 1,500 زیندانی دەردەکات
2025-03-26
339 جار خوێنراوەتەوە
جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران بۆ کاروباری داد رایگەیاند، بە بڕیاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەزار و 526 زیندانی لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە.
عەلی موزەفەری، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران بۆ کاروباری داد رایگەیاند: "سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران، لە نامەیەکدا داوای لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو، رەزامەندی لەسەر کەمکردنەوە، گۆڕینی سزا و ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی بدات".
عەلی موزەفەری، وتی: "رێبەر، بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و جەژنی رەمەزان و رۆژی کۆماری ئیسلامی لە یەکی نیسان رەزامەندی دەربڕیوە بە کەمکردنەوە، گۆڕینی سزا و ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی".
عەلی موزەفەری، جێگری دەسەڵاتی دادی ئێران بۆ کاروباری داد ئاماژەی بەوەشکرد، ناوی هەزار و 526 کەس کە لە کۆمیسیۆنی لێبووردن لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان کرابوو، شایەنی لێبووردنی گشتین، بۆیە دوای پشتڕاستکردنەوەی ناوەکان، لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادەوە لیستی ناوەکان بۆ رێبەر نێردران و ئەویش رەزامەندی لەسەر دا.
بە وتەی جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بەهۆی ئەو لێخۆشبوونەوە سزای لە سێدارەدانی 46 زیندانی گۆڕاوە بۆ بەندکردن.
567 کەس لەوانەی لێخۆشبوونیان بۆ دەرکراوە، دۆسیەکەیان دادەخرێت و ئازاد دەکرێن و 959 کەسیشیان سزاکەیان کەم کراوەتەوە. هەروەها 79 کەس لەوانەی بەر لێخۆشبوونەکە کەوتوون 66 یان ژنن و 13 یشیان بیانین.
|