گفتوگۆی پارتی و یەکێتی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان دەستپێدەکات

2025-03-22  241 جار خوێنراوەتەوە

بڕیارە دوای جەژنی رەمەزان، کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی دەستپێبکەنەوە. بەپێی زانیارییەکان، هەردوولا دوای جەژن لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان گفتوگۆ دەکەن و بڕیارە پڕۆژە هاوبەشەکەی نێوانیان واژۆ بکەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی میدیای پارتی، پڕۆژە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی 9 تەوەر لەخۆدەگرێت و هەر تەوەرێکی چەند خاڵێکە.
 
ئاماژە بەوەشکراوە  تەوەرەکانی پڕۆژەکەی پارتی و یەکێتی پێکهاتوون لە "سیاسی، دارایی و بودجە، هێزە چەکدارەکان، هاوبەشی و لامەرکەزیەت لە بەڕێوەبردن، پەیوەندییەکان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، میدیا و ماف و ئازادییە گشتییەکان، پێکهاتەکان، گەنج و ژن."
 
لوقمان وەردی، ئەندامی سەکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، "پڕۆژەی دیدگای هاوبەش لەنێوان یەکێتی و پارتی تەواو بووە و ئاراستەی لیژنەی باڵا کراوە. دوای جەژن، دوای ئەوەی لیژنەکە کۆدەبێتەوە و باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکەن، ئەم پڕۆژەیە واژۆ دەکرێت بۆئەوەی ببێتە بنەمایەک لە چوار ساڵی داهاتوودا بۆ حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان."
 
لوقمان وەردی وتشی، "پڕۆژەی دیدگای هاوبەش هەنگاوێکی گرنگە. گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکە لێمان دەخوازێت کە ریزەکانی خۆمان رێکبخەین و بە یەک گوتاری سیاسی هەوڵ بدەین رووبەڕووی ئالنگارییەکانی داهاتوو ببینەوە."
 
لەبارەی ئەوەی پارتی و یەکێتی چۆن پۆستەکان دابەش دەکەن، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند، "لەدوای جەژن بابەتی پۆستەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت."
 
سەبارەت بە نێوەڕۆکی پڕۆژەکە، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی وتی، "رێککەوتنەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە کابینەکانی رابردوودا خاڵی زۆر باشیان تێدا بووە، بەڵام حیکمەت لە جێبەجێکردندایە. دەبێت گەرەنتیی ئەوە بکرێت کە جێبەجێ دەکرێت. زەمانەتی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە پەیوەندیدارە بە عەدالەت لە پۆستە باڵاکان و پۆستەکانی ناو حکومەت."
 
یەکشەممە 16-03-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
 
مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی وتی، "ئەمە دوو جارە دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان کرد."
 
ڕاشیگەیاند، "دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان کرد، بۆ لێکنزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی کە گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بەشێوەیەکی گشتی."
 
هاوکات، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە باسی لەوە کرد، "کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو؛ لە سەر چەند شتی ستراتیژی کە بۆ میـلەتەکەمان باش بێت، رێککەوتین. گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن. ئامانجی هەردووکمان ئەوەیە بە زووترین کات حکومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتی گەلەکەمان."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە