بێلینگهام دوو مەرجی هەیە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید
49 خولەک پێش ئێستا
22 جار خوێنراوەتەوە
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، جود بێلینگهامی ناوەڕاستکاری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دوو مەرجی هەیە بۆ نوێکردنەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە.
جود دووەم یاریزانە لە دوای ئاردا گولەرەوە، یانەی ریال مەدرید لەپێناو دابینکردنی داهاتووی خۆیدا، هەوڵی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەدات، پاشئەوەی یانەکە، نوێکردنەوەی گرێبەستی ناوەڕاستکارە تورکییەکەی تاوەکو 2032 نوێکردەوە.
سەرچاوەکان وتوویانە، جود دەیەوێت بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید، دوو مەرجی نوێ جێگیر بکات، کە پەیوەندییان بەدۆخی خۆی و یانەکەوە هەیە.
گرێبەستی یاریزانە ئینگلیزییەکە تاوەکو 2029یە، بەڵام ریال مەدرید دەیەوێت رێگا لە هەر ئەگەرێکی هەوڵدانی یانەکانی دیکە، بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانە لاوەکانی بگرێت.
رۆژنامەی 'ئۆکەی دیاریۆ' ئاشکرایکردووە، پەیوەندییەکانی نێوان کارگێڕیی ریال مەدرید و بێلینگهام پۆزەتیڤ بووە، هەردوولا ویستی بەردەوامبوونیان پێکەوە هەیە، بەڵام هێشتا رێکەوتنی کۆتاییان نەکردووە، چونکە جود مەرجی هەیە.
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، مەرجی یەکەمی ئەو یاریزانە بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ ریال مەدرید، ئەوەیە کە مووچەکەی زیاد بکرێت و هاوشێوەی ئەو مووچەیە بێت کە ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلیی یانەکە وەریدەگرێت کە نزیکەی 22 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەیە.
یاریزانە تەمەن 23 ساڵانەکەی ریال مەدرید، داواکاریی بەرزکردنەوەی مووچەکەی لەلایەن یانەکەوە رەتنەکراوەتەوە، یانەکە رازییە بەزیادکردنی مووچەی ئەو یاریزانە، ئەوەش وەک پێزانین بۆ ئاستی بەرزی ئەو لەگەڵ یانەکە و بایەخی لە رووی تاکتیکی و دابینکردنی داهاتوویەکی باش بۆ هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید.
داواکاریی دووەمی بێلینگهام پەیوەندی بە داهاتووی پڕۆژەی یانە وەرزشییەکەوە هەیە، چونکە ئەو یاریزانە دەیەوێت دڵنیابێتەوە لەوەی یانەکە، توانای رکابەریکردن و بەدەستهێنانی نازناوەکانی دەبێت لە داهاتوودا، بەتایبەت هەردوو نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ.
جود لە دانوستاندنەکاندا ویستویەتی پلانەکانی کارگێڕیی ریال مەدرید بزانێت لەبارەی پاراستنی پێکهاتەی ئێستای تیپەکە و بەهێزترکردنی لەپێناو رکابەریکردن لەسەر سەرجەم نازناوەکان، چونکە ئەو یاریزانە ویستی زۆری بۆ دەرکەوتن لەگەڵ باشترین تیپ و بەباشترین ئاستەوە هەیە.
هەوڵەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی ناوەڕاستکارەکەی ئینگلتەرا لە کاتێکدایە کە ئەو یاریزانە، لەگەڵ یانەکەی ئاستێکی ناوازە پێشکەشدەکات. لە وەرزی ئەمساڵدا 4 گۆڵی تۆمارکردووە لە 12 یاریدا، ئەمە جیا لە کاریگەریی لە نێو یاریگا و ئەسیستکردن بۆ یاریزانانی دیکەی تیپەکە.
رۆژنامەکە دەڵێ، بێلینگهام پێزانینێکی زۆری هەیە لە نێو یانەکەدا، بەتایبەت کە یاریزانێکی قوربانیدەرە لە یاریگادا و جیا لە بەشدارییە کاریگەرەکانی لە هێرشبەریی تیپەکەدا، رۆڵی گەورەی لە گوشارکردن لەسەر تیپی بەرامبەر و بەرگری تیپەکەشدا هەیە.
راپۆرتەکە زیاتر دەڵێ، ویستی هەردوولا بۆ بەردەوامبوونی پێکەوەیی رێگا خۆشدەکات بۆ دانوستاندنێکی ئارام و گەیشتن بە رێکەوتنێک کە هەردوولا رازی بکات.
|