" کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتی نەوت کەرکووک و هەولێر و سلێمانیش دەگرێتەوە"
16 خولەک پێش ئێستا
16 جار خوێنراوەتەوە
ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات جووڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی نەوت تەنها لە ناوچەی جەرف ئەلنەسر کورت نابێتەوە، بەڵکو هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە لەنێویاندا هەرێمی کوردستان و کەرکووک و پارێزگاکانی تر.
زیا زەیدی، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند: "حکوومەت بە یەک چاو و بەبێ جیاوازی سەیری هەموو ناوچەکانی وڵات دەکات لە زاخۆوە تا فاو و لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا".
ڕوونیشی کردەوە "سەپاندنی شکۆی دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسایی و دەستووری و پاراستنی سامانە سروشتییەکان لە هەر شوێنێک ئەو سامانانە هەبن جێبەجێ دەکرێت".
زیا زەیدی ئەوەشی ئاشکراکرد "پرۆسەکانی قاچاخچێتی لە باکووری عێراقەوە لە کەرکووکەوە دەست پێدەکات تا سنوورەکان، سەرەڕای بوونیان لە بەسرە، و لە بەدواداچوونیاندا لە سنوورێکی دیاریکراودا ڕاناوەستن".
ئاماژەی بەوەشدا "ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەکی پەرلەمانی تایبەتمەندی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکانی قاچاخچێتی نەوت لە جەرف ئەلنەسر و کەرکووک و هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر، لەگەڵ بەئامانجگرتنی کێڵگەی کۆرمۆر لە سلێمانی".
ئەندامەکەی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان ئەوەشی خستە ڕوو "حکوومەت ڕێوشوێنی هاوشێوەی گرتووەتەبەر، و جووڵەی کرداری هەیە کە دۆسیەکانی نەوت لە کەرکووک و هەولێر و سلێمانی و بەسرە و ناوچەکانی تر دەگرێتەوە بە مەبەستی پاراستنی سامانی نیشتمانی".
|