ڤینیسیۆس بۆ ریال مەدرید: نەخۆشیی دەروونیم هەیە و لە یاریگادا سڕ دەبم

12   خولەک پێش ئێستا  10 جار خوێنراوەتەوە

ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بە یانەکەی گوتووە هەست بەدڵتووندی دەکات، لەبەرئەوەی توانای پێشکەشکردنی ئەوەی نییە کە لێی چاوەڕێ دەکرێت، دووپاتیکردووەتەوە، کێشەکە بووەتە کێشەیەکی دەروونی.

لە چەند یاریی رابردووی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ، ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئاستێکی کەمتر لە مام ناوەندی پێشکەشکرد و ئەوەش ئەو یاریزانەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر کردەوە.

بایەخی ڤینیسیۆس لە ریال مەدرید زۆر کەمبووەوە، پاشئەوەی ئەو یاریزانە بەهۆی کارتی سوورەوە بۆ چوار یاریی لە لالیگا راگیرا و لەو ماوەیەدا، یان دیۆماندێی یاریزانی نوێی یانەکە، ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەشکرد.

پیپی کۆلینز، شرۆڤەکاری تۆپی پێی ئیسپانی رایگەیاندووە، ڤینیسیۆس بەبەرپرسانی یانەکەی راگەیاندووە، بێتاقەتە و هەستدەکات کێشەی دەروونیی هەیە.

ئەو شرۆڤەکارە دەڵێ، ئەگەرچی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەر بەردەوام هەوڵدەدات، ڤینیسیۆس دۆخە خراپەکەی تێپەڕێنێت و بگاتەوە ئاستی ئاسایی خۆی، بەڵام پێدەچێ "ئەو یاریزانە، هەوڵ بۆ باشبوون نەدات".

دۆخی خراپی ڤینی لە ریال مەدرید، تەواو پێچەوانەی ئاستی ئەو لە هەڵبژاردەی بەرازیل کەوتەوە، پاشئەوەی لە دوایین یاریی دۆستانەی هەڵبژاردەکەدا بەرامبەر ژاپۆن، دوو گۆڵی جوانی تۆمارکرد، لە کاتێکدا تیپەکەی بە 2 - 3 گۆڵ دۆڕا.

کۆلینز دەڵێ، "پێدەچێت ڤینیسیۆس بەتەواوی نائامادەبێت، ئەو تەنانەت هەوڵی یارییکردنیش نادات. بابەتەکە ئەوە نییە کە ئەو خراپ یارییدەکات، بەڵکو ئەوەیە کە هەوڵ بۆ هیچ شتێک نادات".

کۆلینز پێدەچێت، بە وردی چاودێریی دۆخ و ئاستی ڤینیسیۆسی کردبێت لە وەرزی ئەمساڵدا، هەربۆیە دەڵێ، "لە یەکەم پێنج یاریی ئەمساڵدا، ڤینی زیاتر لە 30 هەوڵی بڕینی یاریزانانی تیپی بەرامبەری هەبوو، بەڵام لە دوایین شەش یاریدا، تەنیا چوار جار هەوڵی بڕینی یاریزانانی تیپی بەرامبەری داوە".

ئەو شرۆڤەکارە ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە چوار یاریی، دوایین شەش یاریدا، ڤینی هیچ هەوڵێکی بڕینی یاریزانانی تیپی بەرامبەری نەبووە، تەنانەت هیچ پاسێکی ئازایانە و مەترسی دروستکەری بۆ هاوڕێکانی نەبووە".

لە کۆی ئەو لێکدانەوەیەدا، پیپی کۆلینز دەڵێ، "ڤینیسیۆس هەست بەترس دەکات، شتێک هەیە رێگای درەوشانەوەی لێدەگرێت. بابەتەکە پەیوەندی بەوەوە نییە، کە مۆرینیۆ هەلی بە دیۆماندێ داوە، بەڵکو کێشەکە لە ڤینیسیۆس خۆیدایە".

وێڕای ئەو دوو گۆڵەکەی لە یارییەکەی ژاپۆندا تۆماریکردن، ڤینیسیۆس لە چەند هەوڵێکی تێپەڕاندنی یاریزانانی ژاپۆندا، رووبەڕووی هەمان دۆخ بووەوە و نەیتوانی یاریزانانی تیپی بەرامبەر تێپەڕێنێت. ئەمە جیا لەوە لە هەندێک دۆخدا، ئەو کاتێک هەوڵی تێپەڕاندنی یاریزانان دەدات، تۆپەکە بۆ لایەک دەنێرێت و خۆی بۆ لایەکی دیکە دەڕوات.

شرۆڤەکارەکە زیاتر روونیدەکاتەوە، "لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەرلەوەی روو لە هەڵبژاردەی بەرازیل بکات، ڤینی چەندین پشکنینی جیاوازی ئەنجامداوە، ئەنجامەکان سرووشتی بوون، ئەو هیچ کێشەیەکی جەستەیی نییە، پشکنینەکانیش ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە".

شرۆڤەکارەکە ئەوەشی خستووەتە روو، "لە دوای ئەو پشکنینانە و دەرچوونی ئەنجامەکان کە دووپاتیدەکەنەوە ڤینی هیچ کێشەیەکی جەستەیی نییە، ئەو یاریزانە بەدەستەی راهێنەرانی یانەکەی راگەیاندووە، هەر ئەوەندەی دەچمە نێو یاریگاوە، تووشی جۆرێک لە سڕبوون دەبمم جەستەم وەڵامی مێشکم ناداتەوە".

کۆی هەموو ئەو لێوردبوونەوە و چاودێرییەی بۆ ئاستی ڤینیسیۆسی کردووە، کۆلینزیان گەیاندووەتەوە ئەو بڕوایەی بڵێ، "هەموو بەڵگەکان ئاماژەن بەوەی کێشەکەی ڤینی دەروونییە، نەک جەستەیی".

ئەو دەڵێ، هەربۆیە ڤینی لە رووی دەروونییەوە کێشەی هەیە، نەک جەستەی، خۆشی ئەوەی نەشاردووەتەوە، کاتێک لەگەڵ مۆرینیۆ و یاریدەدەرەکانی قسەی کردووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە