مەسرور بارزانی: پەیوەندی بەردەواممان هەیە لەگەڵ یەکێتی
30 خولەک پێش ئێستا
19 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: سوپاس بۆ خوا پەرلەمان کارا بووەوە. حکومەتیش لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە؛ ئێمە داواکارین بانگەوازی جەنابی سەرۆک بارزانی ببێتە بنەمایەک بۆ هەموو لایەنێکی سیاسی کە بێن و گفتوگۆ بکەن بۆ پێکەوەنانی حکومەت.
وتیشی، دەرگا کراوەیە، کاراکردنەوەی پەرلەمانیش دژی هیچ لایەنێک نەبووە، بەپێچەوانەوە بۆ پاراستنی شەرعییەتی پەرلەمان و قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد ئێستاش ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنێکی سیاسی کە ئامادە بن لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان واز لە بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی و تەسک بهێنن، بێن قسەمان لەگەڵ بکەن.
ئەوەشی وت ئێمە ئامادەین و دڵیشمان فراوانە و دەکرێت زۆر زۆریش یارمەتییەکی تر بدەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لە کاتێکی نزیکدا.
راشیگەیاند هەر لە بانگەوازی جەنابی سەرۆکەوە بگرە، دوای ئەوە پەیوەندیی بەردەوامی پارتیش هەبووە لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ ئەوەی کۆبوونەوە بکرێت.
مەسرور بارزانی وتی لە هەمان کاتدا دەبێت هەموو شتێکیش بە قەبارەی خۆی بێت و ڕێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان بگیرێت، وە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ببنە بنەمایەک بۆ پێکەوەنانی حکومەت لە داهاتوودا.
وتیشی "بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین بەڵام هەندێک لایەن دژی دابینکردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان هەوڵدەدەن".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بە هەموو توانامانەوە لەگەڵ ئەوەین قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت".
مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەدات، "باشترین رێگە رێگەی دیموکراسییە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، "هەوڵێک هەیە بۆ دابەشکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام من بە ناوی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێم، هەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت".
مەسرور بارزانی لە میانەی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گەشتیاریی گرنگدا ڕایگەیاند، ئامانجی ئێمە ئەوەیە خزمەتی زیاتری خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین و بتوانن زیاتر چێژ لە بینینی سروشتی کوردستان وەربگرن.
لەبارەی زیادکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە، سەرۆکوەزیران باسی لەوە کرد، ئەو پڕۆژانەی دەکرێن بە هەماهەنگییە لەگەڵ کەرتی تایبەتدا و ئەمەش ڕێگە دروستەکەیە.
لەلایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، ئێمە بەردەوامین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.
هەموو ئەوانەی دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەوەستنەوە، هەمان ئەو کەسانەن کە پێشتر هەوڵیان دەدا کوردستان نەبێتە خاوەنی مافی دەستووریی خۆی و پەرلەمان کارا نەکرێتەوە.
داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان پشتیوانی لە خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی بکەن و هەرێمی کوردستان دابەش نەکرێت.
ئێمە تەنها بە داواکردنی مووچە ڕازی نین دەمانەوێت کوردستان بە یەکگرتووییەوە بمێنێتەوە و پێشكەوتوو بێت.
|