زیاتر لە یەک ملیار دۆلار زیان بە کەرتی فڕۆکەوانی ئەمریکا گەیشتووە

55   خولەک پێش ئێستا  134 جار خوێنراوەتەوە

وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرتاسەری ئەمریکا کە لە 13ـی ئەم مانگەوە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستەمی چاودێریی ئاسمانی روویدا، زیاتر لە یەک ملیار دۆلار زیان بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی گەیشتووە. ئەم دۆخە گورزێکی دارایی دیکەیە بۆ ئەو کەرتەی پێشتر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کەمبوونەوەی قازانجەوە، رووبەڕووی زیان بووەتەوە.

پێشبینی دەکرێت ئەمریکان ئێرلاینز گرووپ بەهۆی بڕیاری وەستاندنی گەشتەکانەوە زیاتر لە 354 ملیۆن دۆلاری قازانجی لەدەست بدات، بەو هۆیەوە لەنێو 9 کۆمپانیای گەورەی فڕۆکەوانیی ئەمریکی و کەنەدی کە شیکاریەکە دەیانگرێتەوە، ئەمریکان ئێرلاینز زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.

کۆمپانیاکە روونیکردەوە، زیانە پێشبینیکراوەکانی ئەمریکان ئێرلاینز لەنێوان 136 بۆ 354 ملیۆن دۆلاردایە. لەکاتێکدا زیانە ئەگەرییەکانی دەڵتا ئێرلاینز لەنێوان 94 بۆ 244 ملیۆن دۆلار و زیانەکانی یونایتد ئێرلاینزیش لەنێوان 88 بۆ 229 ملیۆن دۆلاردایە.

وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەککەوتنی جموجۆڵی ئاسمانی لە هەینیی رابردوودا، بە ملیاران دۆلار زیانی بە ئابووریی وڵاتەکە گەیاندووە.

بەپێی داتاکانی کۆمپانیای سیریوم، لە هەینیی رابردوو تا بەیانیی دووشەممە، نزیکەی 19,400 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا هەڵوەشێندرانەوە یان دواخران، کە دەکاتە نزیکەی 18%ـی کۆی گەشتە خشتەبۆکراوەکان.

لەو چواچێوەیەدا ئەمریکان ئێرلاینز زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و نزیکەی 5,888 گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشاندووەتەوە یان دواخستووە، کە دەکاتە نزیکەی 23%ـی کۆی گەشتە خشتەبۆکراوەکانی ئەو کۆمپانیایە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە