هەوڵی یانەکانی تورکیا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ

2   کاتژمێر پێش ئێستا  13 جار خوێنراوەتەوە

لە چەند کاتژمێری رابردوودا، دەنگۆی هەوڵدانی یانەکانی تورکیا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانەی پۆرتوگال بەگەرمی بڵاوبووەوە، پاشئەوەی هەندێک سەرچاوەی میدیای لە نێو تورکیا، باسیان لە هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی کرد.

لە بەرامبەر هەواڵی میدیاکانی تورکیادا، ژمارەیەک میدیاکاری سعودی، رەتیانکردەوە رۆناڵدۆ ویستی رۆیشتن لە یانەکەی خۆی هەبێت، دووپاتیانکردەوە کریستیانۆ دەیەوێت بەدرێسی نەسڕەوە، کۆتایی بەکاروانی یارییکردنی خۆی بهێنێت.

سەرەتای چیرۆکەکە

یاگیز سابونجۆ ئۆگلۆی رۆژنامەنووسی تورکی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا ئاشکرایکرد، میانگیرێکی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، هەوڵیداوە هەڵوێستی یانەکانی تورکیا بزانێت، لەبارەی ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لەماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا.

لە دوای ئەو گرتە ڤیدیۆییە، هەندێک سەرچاوە ئاشکرایانکرد، کە یانەی بێشکتاشی تورکی، ویستی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رۆناڵدۆ دەربڕیوە، بەڵام یانەکە بەفەرمی هیچ هەڵوێستێکی لەسەر دەنگۆکان دەرنەبڕیوە، هاوکات رەتیشی نەکردووەتەوە.

سەرمایەدارەکانی تورکیا چیدەکەن؟

بەپێی ئەوەی سەرچاوە تورکییەکان ئاشکرایانکردووە، هاکان شەفەقی سەرمایەداری تورکی و بەڕێوەبەری بازاڕگەریی دەرەوەی کۆمپانیای پیشەسازییە میکانیکی و کیمیاییەکانی تورکیا (MKE)، کە تایبەتمەندی پیشەسازیی بەرگریی جەنگییە، ئەو میانگیرەیە کە هەوڵی بردنی رۆناڵدۆ بۆ خولی تورکیا دەدات. لە کاتێکدا ناوی هەندێک سەرمایەداری دیکەی تورکی لە نێو هەمان هەوڵدا، سەریهەڵداوە.

میدیاکان لە عەزیز یەڵدرمی سەرۆکی پێشووی یانەی فەنەرباخچەیان گواستەوە کە یانەکەی، ویستی بینینی کریستیانۆ رۆناڵدۆی بەدرێسی فەنەرباخچەوە هەیە، بەتایبەت کە ئەو گوتوویەتی، دەیەوێت خەونە گەورەکەی یازی کچی بەدی بهێنێت، کە هاندەری سەرسەختی رۆناڵدۆیە.

ئەو سیناریۆیەی میدیای تورکیا لەبارەی جموجوڵەکان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رۆناڵدۆ، دەیخەنە روو بریتییە لەوەی، کریستیانۆ بەبێ تێچووی گواستنەوە روو لە خولی تورکیا دەکات، لە بەرامبەر پێدانی مووچەیەک کە 50 ملیۆن یۆرۆیە، ئەوەش لەپێناو گەیشتن بەگۆڵی ژمارە هەزاری ئەو یاریزانە لە کاروانی خۆیدا، بەدرێسی یانەیەکی تورکییەوە.

میدیای سعودیە چی دەڵێن؟

لە بەرامبەر گەرمبوونی دەنگۆکانی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی رۆناڵدۆ لەلایەن یانەکانی تورکیاوە، عەبدولعەزیز مریسلی میدیاکاری سعودی، رەتیدەکاتەوە رۆناڵدۆ بیەوێت لە نەسڕ بڕوات و دووپاتیدەکاتەوە، کریستیانۆ دەیەوێت لەگەڵ نەسڕ کاروانی خۆی کۆتایی پێبهێنێت.

مریسل دەڵێ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ نایەوێت لە هیچ شوێنێکی دیکە جگە لە خولی سعودیە، کۆتایی بەکاروانی وەرزشیی خۆی بهێنێت".

ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا ئەوەشی یەکلایی نەکردووەتەوە، ئایا ئەمە دوایین وەرزی دەبێت لە یاریگاکاندا یان نا". 

زیاتر دەڵێ، "لە کۆتایی رۆناڵدۆ هەر لەگەڵ نەسڕ کۆتایی بەکاروانی خۆی دەهێنێت". ئەو زیاتر گوتوویەتی، لەگەڵ رێزم بۆ هەموو سەرچاوەکانی جیهان، بەڵام رۆناڵدۆ جگە لە نەسڕ، یاریی بۆ هیچ یانەیەکی دیکە ناکات.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ تاوەکو 30ی مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو، گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی هەیە، ئەوەش مانای ئەوەیە، رۆیشتنی لە یانەی نەسڕ، لەماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا، بەبێ رێکەوتن لەگەڵ یانەی نەسڕ ئەنجام نادرێت.

رۆناڵدۆ کە لەماوەی رابردوودا، وازهێنانی خۆی لە یارییکردن بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال راگەیاند، ئێستا خاوەنی 985 گۆڵە لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا و زۆر سەرچاوە دووپاتیدەکەنەوە، ئەگەر رۆناڵدۆ بگاتە گۆڵی ژمارە 1000 بەیەکجاری واز لە یارییکردن دەهێنێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە