قوباد تاڵەبانی: لە هەوڵداین بۆ چارەسەری کێشەكانی بەردەم هەناردەی نەوت

11   کاتژمێر پێش ئێستا  129 جار خوێنراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، حکومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشە و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.

نوسینگه‌ی جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ قوباد تاڵەبانی پێشوازیکردوه‌ لە دانیێل روبنستین، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردولا تاوتوێ کران، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرا و هەردولا هیوایان خواست ساڵی نوێی کوردی ساڵی ئاشتی و یەکگرتوویی و پڕ لە خۆشی و دەستکەوت بێت بۆ گەلی کورد.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لە تەوەرێکی کۆبونەوەکەدا باسی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر رەشنوسی دیدگای هاوبەش بۆ حکومڕانی، گەشبینی خۆی دەربڕی لە ماوەیەکی نزیکدا رێککەوتنی کۆتایی بکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتو. 

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، پارتی و یەکێتی هەردولا هاوڕان لەم قۆناغەدا بەپێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەروەها بۆ خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتییان پێویستە حکومەتێكی کارا و خزمەتگوزار پێکبهێنرێت.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا، لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر پەلەکردن لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و رایگەیاند "حکومەتی هەرێم لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت".

نوسینگه‌ی قوباد تاڵه‌بانی ده‌ڵێت، "پارتی و یه‌كێتی هاوڕابون کە یەکگرتویی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لە بەغدا کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر زوتر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە