بەڕۆژووبوون كاریگەری لەسەر نەخۆشانی شەقیقە هەیە؟
2025-03-17
120 جار خوێنراوەتەوە
توێژینەوەکان سەلماندویانە ئەوانەی بۆ زیاتر لە (١٤)کاتژمێر بە ڕۆژوو دەبن، ئەگەری توشبوونیان بە ئازاری لایەکی سەر زیاترە لەوانەی ماوەی ڕۆژووبونەکەیان کەمترە.
د. ههڤین کهمال پزیشكی پسپۆڕ له زانستی ئازار و بهنج لە نوسینێكدا ئاماژە بەوەدەكات، ئایا بەڕۆژووبون كاریگەری لەسەر ئەو كەسانە هەیە، كە نەخۆشی شەقیقەیان هەیە یان نا .
دەقی نوسینەكەی :-
زۆربەی چارەخوازەكانم، ئەوانەی کە نەخۆشی شەقیقەیان ھەیە، کە مانگی ڕەمەزان دێت تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبن لەوەی کە سەرئێشەکەیان لەوانەیە زیاد بکات یاخود بگەڕێتەوە، لەڕووی زانستییەوە زۆر ڕاستە کە لەکاتی ڕۆژووبوندا ئازاری نەخۆشی شەقیقە و ئازاری لایەکی سەر زیاد دەکات.
توێژینەوەکان سەلماندویانە ئەوانەی بۆ زیاتر لە (١٤)کاتژمێر بە ڕۆژوو دەبن، ئەگەری توشبوونیان بە ئازاری لایەکی سەر زیاترە لەوانەی ماوەی ڕۆژووبونەکەیان کەمترە.
ھۆکاری زیادبوونی سەر ئێشەی شەقیقە لە ڕەمەزاندا دەگەڕێتەوەبۆ ئەم خاڵانە:-
١- وشکبوونەوەی جەستە بەھۆی کەمخواردنەوەی ئاو .
٢- بەرزبونەوەی فشاری خوێن.
٣- کەمخەوی و تێکچوونی کاتی خەو لە ڕەمەزاندا
٤- دابەزینی ڕێژەی شەکر لە جەستەدا .
٥- گۆڕانکاری لە کاتی خواردنی چارەسەرەکاندا.
چ کاتێک نەخۆشێکی شەقیقە دەتوانێت بە ڕۆژوو بێت ؟
لەکاتێکدا، کە نۆبەی سەرئێشەکە کۆنتڕۆڵکراوە و بە ڕێژەیەکی کەم دێت لە مانگێکدا، کە تەنیا سێ چوار جار نەخۆشەکە تووشی دەبێت.
سەرئێشەی شەقیقەکە تەنیا لە ھەندێک حاڵەتی دەگمەندا دەردەکەوێت و ئەویش بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
چ کاتێک ناتوانێت بە ڕۆژوو بێت ؟
ئەو کەسانەی لە دەجار زیاتر لە مانگێکدا تووشی سەرئێشە دەبن و بەشێوەیەکی ناڕێک تووش دەبن.
ئەو کەسانەی سەر ئێشەی ھێشووی (cluster headache)کە پێی دەوترێت سەر ئێشەی عنقودیان لەگەڵدایە .
چ کاتێک دەبێت ڕۆژووەکە بوەستێنرێت ؟
زیادکردنی نەوبەی سەرئێشەکە و جاری توشبونی لەگەڵ نەمانی توانای کۆنتڕۆڵکردنی.
ئەگەر سەرئێشەکە نیشانەی تری لەگەڵدا بوو، وەک سکچوون و تا و ڕشانەوە، ئەوکات پێویستە ڕای پزیشکەکەت وەربگریت و ڕۆژووەکەت بوەستێنی .
چەند ئامۆژگارییەک بۆ کاتی بەربانگ :-
١- ڕێژەیەکی زۆر ئاو بخۆ لەنێوان (٨-١٢)پەرداخ ئاو بە لایەنی کەمەوە.
٢- دووربکەوە لەو خواردنانەی، کە لەوانەیە سەرئێشەکە دروست بکەن، وەکو، ئایس کریم و مۆتا، پەنیر، ساردەمەنیەکان …ھتد.
٣- ڕێکخستنی کاتی ژەمەکان و ڕێکخستنی کاتی خەو لە ڕەمەزاندا.
٤- کەمکردنەوەی بەکارھێنانی بەھارات و خوێ و تەوابل و بۆنخۆشکەرەکان بۆ ناوخۆراک.
٥- کەمکردنەوەی شیرینیەکان و ئیشی ھەویر، خواردنە چەورەکان کەڕێژەی چەورییان بەرزە.
٦- ئەو خواردن و خواردنەوانە کەمبکەرەوە، کە ڕێژەیەکی زۆر کافاینیان تیادایە، وەکو خواردنەوە گازییەکان ، نەستەلە ، چا و قاوە …ھتد.
٧- مەچۆرە بەر خۆر و وەرزش مەکە لە کاتی بەڕۆژوبوندا.
٨- دووربکەونەوە لە جگەرە کێشان و نێرگەلە لەکاتی دوای بەربانگدا .
٩- دەتوانن ڕۆژانە بەشێوەیەکی ڕێک وەرزش بکەن لە دوای بەربانگ.
چەند ئامۆژگارییەک بۆ کاتی پارشێو :-
١- بە ڕێژەیەکی زۆر ئاو بخۆرەوە .
٢- تا دەتوانیت ژەمی پارشێو دوابخە بۆ نزیک کاتی بانگی بەیانی .
٣- ئەو چارەسەرانەی بۆت نوسراوە لە کاتی بەربانگدا بیخۆ، پێش دەستکردن بە ڕۆژوو گرتن.
٤- دوور بکەونەوە لە خواردنی سوێر و شیرینی زۆر.
٥- دوور بکەونەوە لەھەر خواردنێک کە دەزانیت لەوانەیە سەرئێشەکەت زیادبکات وەكو پەنیر، مۆز، شوکوڵاتە …ھتد.
٦- دووربکەونەوە لە فاست فوود و خواردنە ئامادەکراو سورکراوەکان.
٧- ئەو خواردنانە بخۆن، کە کاربۆھیدراتە ئاڵۆزەکانی تیادایە و ھەستی تێربوون دەبەخشن وەکو، دانەوێڵە تەواوەکانی وەکو؛ ئاردی بۆر ، برنجی بۆر ، ھەندێک سەوزەی وەکو، پەتاتە، بەزالیای سەوز، بروکلی، سپێناغ، پیاز، سیر ، ھەندێک میوەی وەکوو توو، کیوی ، ھەنار.
٨- ئەو خواردنانە بخۆن، کە ڕێژەیەکی زۆر پۆتاسێۆم و مەگنیسێۆم و ڤیتامین (بی ) یان تیادایە وەکو، خورما ، چەرەزاتەکان و بەتایبەت ناوکە کولەکە، شەوەفان …ھتد .
|