بە هۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە ئەمریکا بنکەیەکی ئاسمانیی لە بەریتانیا چۆڵ دەکات

43   خولەک پێش ئێستا  18 جار خوێنراوەتەوە

ئەمریکا بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە ڕێکارە ئەمنییەکانی لە بنکەیەکی ئاسمانیی بەریتانیا توندتر دەکات و چەند فڕۆکەیەکیش بۆ ئەڵمانیا دەگوازێتەوە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی بوونی چەند هەڕەشەیەک لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئەمریکا چەند فڕۆکەیەکی سەربازیی لە بنکەی ئاسمانیی (میڵدنهۆڵ) لە بەریتانیا دوور خستووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ واشنتن ڕێکارە ئەمنییەکانی لە بنکەی میڵدنهۆڵ بەرز کردووەتەوە، بەڵام هێشتا جۆر و سروشتی ئەو هەڕەشەیەی کە ڕووبەڕووی ئەو بنکەیە بووەتەوە، لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە تاوتوێ دەکرێت.

لەبارەی گواستنەوەی ئەو فڕۆکانە، ڕۆژنامەکە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ڕێڕەوی دوو فڕۆکەی ئەمریکی کە بنکەی میڵدنهۆڵیان بەکار دەهێنا بەرەو ئەڵمانیا گۆڕدراون.

هاوکات لەگەڵ گۆڕینی ڕێڕەوی ئەو دوو فڕۆکەیە، چەندین فڕۆکەی دیکەی ئەمریکیش لەو بنکە سەربازییەی بەریتانیاوە بەرەو ئەڵمانیا و چەند بنکە و شوێنێکی دیکە گواستراونەتەوە، بۆ پاراستنیان لە هەر ئەگەر و هێرشێکی نەخوازراو.

بنکەی ئاسمانیی میڵدنهۆڵ یەکێکە لە بنکە ستراتیژییەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە بەریتانیا کە ڕۆڵێکی گرینگی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە