مەسرور بارزانی: دەبێت خۆمان بۆ باوبارانی لەناکاو ئامادە بکەین

8   خولەک پێش ئێستا  4 جار خوێنراوەتەوە

مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لە پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەدا، "دەبێت خۆمان بۆ باوبارانی لەناکاو ئامادە بکەین".

رۆژی سێشەممە، مەسررو بارزانی لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی هەولێر تاوتوێی هۆکاری لافاوەکە و ئامادەکارییەکانی بۆ دووبارەنەبوونەوەی کرد. 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرەخۆشی لە قوربانییانی لافاوەکە کرد و لەبارەی دروستبوونی لافاوەکە رایگەیاند،  "لێکۆڵینەوە دەکرێ، کەمتەرخەمی هەبێ بێگومان لێپرسینەوە و رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر".

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتیشی: ئێمە هەر زوو داوامان کردووە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان بکرێت؛ ئەگەر کەمتەرخەمییەک لەلایەن کەسێکەوە هەبووبێت، ئەوا ڕێکاری پێویست دەگیرێتە بەر. ئەگەر هۆکارەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەش بووبن، دەبێت دەستنیشانیان بکەین و بزانین چۆن خۆمان ئامادە بکەین بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە.

سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە بارینی ڕێژەیەکی یەکجار زۆری باران لە کاتێکی زۆر کورتدا، زۆر ئەستەمە بتوانرێت پێشبینی بکرێت و ڕێگریشی لێ بکرێت، و گوتیشی: شارە گەورەکانی دنیا تووشی ئەم حاڵەت و کارەساتانە دەبن و لە وڵاتانی پێشکەوتووشدا زیانی زۆر گەورەتری لێ کەوتووەتەوە؛ کەواتە ئەمە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر کارەساتە سروشتییەکان کە کەس ناتوانێت ڕێگرییان لێ بکات.

سەبارەت بە خۆپارێزیی هاووڵاتییان، مەسرور بارزانی جەختی کردەوە کە بەشێکی زۆری پاراستنی سەلامەتی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی خەڵک ڕێنماییەکان بە هەند وەربگرن، هەروەها خۆیان نەبن بە لایەنێک بۆ ئەنجامدانی کارێک بەبێ بوونی پسپۆڕی، کە ئەوەش دەبێتە هۆی گەیاندنی زیان بە خۆیان و دەوروبەریشیان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە