"زیانی هێرشەکەی کێڵگەی کۆرمۆر رۆژانە 4.15 ملیۆن دۆلارە"
37 خولەک پێش ئێستا
146 جار خوێنراوەتەوە
روانگەی ئیکۆ عێراق ئاشکرایکرد، زیانە خەمڵێنراوەکانی وەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان، رۆژانە لە 4.15 ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێت، ئەم بڕە بەهای بەرهەمهێنانی گازی سروشتی، گازی ماڵان و چڕکراو لەخۆ دەگرێت.
روانگەی ئیکۆ عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کێڵگەکە پێش ئەوەی بکرێتە ئامانج، رۆژانە نزیکەی 700 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەمدەهێنا، بە نرخێکی خەمڵێنراوی 3.3 دۆلار بۆ هەر ملیۆن پێ سێجا، بەهای ئەو بەرهەمە نزیکەی 2.31 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێکدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کێڵگەکە رۆژانە نزیکەی 1,400 تۆن گازی شل بەرهەمدەهێنێت کە بە گازی ماڵان ناسراوە. بە نرخێکی خەمڵێنراوی 720 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 1.008 ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو روانگەیە، بەرهەمهێنانی گازی چڕکراو دەگاتە نزیکەی 22 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بە نرخێکی خەمڵێنراوی 38 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەو بڕە هاوتای 836 هەزار دۆلارە لە رۆژێکدا.
ئیکۆ عێراق روونیکردەوە، ئەم خەمڵاندنانە تێچووی وەستانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، کرێی هێڵەکانی گواستنەوە و زیانە ناڕاستەوخۆکانی دیکە ناگرێتەوە کە بەهۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دروستبوون.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ماوەی ساڵانی 2025 و 2026ـدا 12 جار هێرشی کراوەتە سەر و بۆردومان کراوە.
|