مەسرور بارزانی و وەزیری وزەی تورکیا تاوتوێی هەناردەی نەوت دەکەن
2025-03-17
59 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی و وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا تاوتوێی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکەن.
ئێوارەی یەکشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا "پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، بە تایبەتی لە بواری وزەدا تاوتوێ کرا."
هاوکات، هەردوولا "هاوڕابوون لە سەر نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان لە زووترین کاتدا."
ڕۆژی یەکشەممە، 16ى ئادارى 2025، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ هەردوو وەزیرانى نەوت و کارەبارى عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى نەوتى عێراق، لە کۆبوونەوەى ئاڵپئارسڵان بایراکتار لەگەڵ حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوت دا، باسیان لە پەیوەندیى نێوان هەردوو وڵات کردووە لە بوارەکانى وزە و نەوت و گاز.
ئێوارەی یەکشەممە، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیرى وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى تورکیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و هۆشەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری کاروباری تورکیا لە فەرمانگەکە پێشوازییان لێکرد.
|