لە کەرکووک خۆپیشاندان دژی گرانکردنی کرێی مۆلیدە ئەهلییەکان کرا
51 خولەک پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
وا بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەربارەی گرانیی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان و ناڕەزایەتیی خەڵکی کەرکووک کۆببێتەوە، ئەمەش لە دوای ئەوەی لە ئێوارەی دوێنێوە تا درەنگانی شەوی ڕابردوو، هاووڵاتییان لە چەند گەڕەكێكی شاری کەرکووک لە دژی گرانیی كرێی مۆلیدە ئەهلییەكان هاتنە سەر شەقام و لە خۆپیشاندانێکدا ناڕەزایەتی خۆیان لەو دۆخە دەربڕی.
هاووڵاتییانی گەڕەكەكانی ئەسرا، واحید حوزەیران و مەفقودین لە شاری کەرکووک، لە ئێوارەی دوێنێ یەكشەممەوە هاتنە سەر شەقام و داوایان لە بەرپرسانی شارەكە کرد چارەسەری گرانبوونی نرخی ئەمپێری مۆلیدە بكەن كە بە بڕیاری لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان بەرامبەر هەر ئەمپێرێک 18 هەزار دینار لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت.
خۆپیشاندانەكان گرژی لێ كەوتەوە و بەهۆیەوە شەش پۆلیس بریندار بوون، پارێزگاری كەركووكیش داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد.
پەیامنێری ٧ڕۆژ لە کەرکووک وتی، لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێ شەو گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، خۆپیشاندەران بە ئاگركردنەوە چەند شەقامێكیان داخست، هاوكات لەگەڵ كۆكردنەوەی پارەی مۆلیدە لە سەرەتای مانگ، ئامادە نین پارەی مۆلیدە بدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد لەو كاتەی هێزە ئەمنییەكان هەوڵیانداوە دۆخەكە هێور بكەنەوە، شەش پۆلیس بە سووكی بریندار بوون كە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەردیان تێ گیراوە، هەر پەیوەست بەم بابەتە، پارێزگاری کەرکووک داوای کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت، سەبارەت بە هۆکاری بەرزکردنەوەی نرخی ئەمپێری مۆلیدە و چارەسەرکردنی کێشەکە.
بڕیاری گرانكردنی نرخی ئەمپێری مۆلیدە لەلایەن لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لەبەر دوو هۆكارە:
یەكەمیان: لە مانگی ڕابردووەوە، پێدانی كارەبای نیشتمانی لە کەرکووک زۆر كەمبووەتەوە، مۆلیدەكان لە مانگێكدا زیاتر لە 300 كاتژمێر كارەبایان بە خەڵک داوە.
دووەمیشیان: گازوایلی کەمتر بە مۆلیدەکان دراوە، مۆلیدەکان 300 کاتژمێر کارەبایان بە هاووڵاتییان داوە، بەڵام تەنیا بەشی 190 کاتژمێر گازوایلیان پێدراوە و لە بازاڕیش گازوایل زۆر گرانە و بەرمیلی گەیشتووەتە 280 هەزار دینار.
ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە دوای ئەوە هات دوو ڕۆژ لەمەوبەر هاوڕێ زەنگەنە، بەڕێوەبەری کارگێری قایمقامیەتی ناوەندی کەرکووک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای وەرگرتنی کاتژمێرەکانی کارپێکردنی مۆلیدەی گەڕەکەکان کە ژمارەیان 95 گەڕەکە، نرخی ئەمپێری کارەبامان بۆ مانگی 10 دیاری کرد و بۆ هەر ئەمپێرێک 18 هەزار دینار وەردەگیرێت.
|