ئێران هۆشداری دەدات " وەڵامێکی وێرانکەرمان دەبێت"

2025-03-16  257 جار خوێنراوەتەوە

فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دەستپێشخەری شەڕ ناكەین، بەڵام ئەگەر لەلایەن هەر لایەنێكەوە هێرشمان بكرێتە سەر، ئەوا وەڵامی یەكلاكەرەوە و وێرانكەرمان دەبێت، دەشڵێت، ئەمریكا وانەی لە مێژوو وەرنەگرتووە، كە شەڕ چارەسەری كێشەكان ناكات.

حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان و ناساندنی فەرماندەی نوێی هێزی زەمینی سوپای پاسداران وتارێكی پێشكەش كرد.

حسێن سەلامی ڕایگەیاند، ئێران بەرپرسیارێتی هەر كارێك قبوڵ دەكات، كە ئەنجامی بدات، هەركاتێك و لە هەر شوێنێك بێت، ئێمە نەتەوەیەك نین، كە بە نهێنی هەڵسوكەوت بكەین، بەڵكو هێزێكی سەربازیی باوەڕپێكراو و بە فەرمی دانپێدانراوین لە جیهاندا، ئەگەر هێرش بكەینە سەر شوێنێك یان پشتگیری كەسێك بكەین، بە ئاشكرا ڕایدەگەیەنین.

باسی لەوەشكردوە، ئێمە بەرپرسیارێتیمان وەرگرتوە لە بەرامبەر هەر كارێك كە كردوومانە، بۆیە هەموو دوژمنان ئاگادار دەكەینەوە هەر هەڕەشەیەك دژی وڵاتەكەمان بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەڵامێكی توند و یەكلاكەرەوە و وێرانكەرمان دەبێت.

ئەوەشی خستەڕو، نەتەوەی ئێران شەڕخواز نییە، بەڵام وەڵامی شیاو و یەكلاكەرەوە و كۆتایی دەداتەوە بۆ هەڕەشەكان، میللەتی ئێران بە درێژایی نزیكەی ٥٠ ساڵ خەبات و خۆڕاگری لە دژی هاوپەیمانی شەیتانی جیهانیی دەكات، تەنیا شانازی و شكۆمەندییان نیشانداوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، نەتەوەی ئێران هیچ شەڕێكی دەستپێ نەكردوە، بەڵام بۆ هەر شەڕێك ئامادەیە، میللەتی ئێران بەشداری شەڕ ناكات، بەڵام ئەگەر لایەنێك هەڕەشەی لێبكات، وەڵامی شیاو و چارەنووسساز و كۆتایی دەداتەوە.

ڕاشیگەیاند: دەبینن دوژمن لە هەڕەشەكردن ناوەستێت، دوژمنەكانمان چەند جارێك بە دەستی نەتەوەی ئێران تێكشكاون، وانە وەرناگرن و خویان بە دوبارەكردنەوەی هەڵەكانیان گرتووە، ئەمریكا هێشتا وانەی لە مێژو وەرنەگرتوە كە بە شەڕ نەیتوانیوە هیچ كام لە كێشەكانی چارەسەر بكات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە