لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی عێراق زانیاری نوێ ئاشکرا دەکرێت

2025-03-16  275 جار خوێنراوەتەوە

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ ئاراستەیەكی سیاسی نییە، بۆ هەموواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە قۆناغی داهاتوودا، چونكە بۆچوونی زۆرینە لایەنەكان ئەوەیە، كە یاساكە بەبێ هیچ هەموواركردنەوەیەك بهێڵرێتەوە.

ئیبراهیم عەنبەكی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هەموواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی عێراق، بە میدیاکانی راگەیاند، تا ئێستا هیچ هەڵوێستێكی جدی نییە، كە ئامانج لێی هەموواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان بێت لە قۆناغی داهاتوودا، ئەم بابەتە نە لەناو لیژنەی یاسایی و نە لە كاتی كۆبوونەوەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا نەوروژێنراوە، بۆچوونی زۆرینە ئەوەیە كە یاساكە بەبێ هیچ هەموواركردنەوەیەك بهێڵرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دەستووری دیاریكراوی خۆیدا و لە كۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت، تا ئێستاش هیچ خواستێك نییە بۆ دواخستنی، هەروەها ڕوانگەیەكی سیاسی و حكومی هەیە، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بەبێ هیچ دواخستنێك.

بڕیارە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ئەنجام بدرێت، هەروەها كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش ئامادەكارییەكانی دەستپێكردووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە