شێروان شێروانی 6 مانگی دیکە لە زیندان دا دەبێت

2025-03-16  89 جار خوێنراوەتەوە

محەمەد عەبدوڵا، پارێزەری شێروان شێروانی، ڕایگه‌یاند، دادوەر بریاریدا بە رەتکردنەوەی داواکاری بریکارداری رۆژنامەنوس شێروان ئەمین ناسراو بە شێروان شێروانی بە ئازادبونی بە مەرج، ده‌شڵێت، ناوبراو تا 9ی (ئه‌یلول/9)ی 2025 لە زیندان ده‌مێنێته‌وه‌.

محەمەد عەبدوڵا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند، "جارێکی دیكه‌ ستەم لە شێروان شێروانی کراو دادوەر بریاریدا بە رەتکردنەوەی داواکاری بریکاردارم رۆژنامەنوس شێروان ئەمین ناسراو بە شێروان شێروانی بە ئازاد بونی بە مەرج".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، بڕیاره‌كه‌ی دادوه‌ر چاوەڕوان نەکراو بو، دادوەر بڕیاریداوە بە هێشتنەوەی لە زیندان تا 9ی (ئه‌یلول/9)ی 2025.

16ی (شوبات/2)ی 2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەمەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران، دوای ساڵێك له‌و سزادانه‌ بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50%  کەمکرایەوە.
 
دوای لێخۆشبونەکەی نێچیرڤان بارزانی له‌ 16ی 3ی 2023 سێ کەس لە سزادراوان کە بریتی بون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد کران و دوای دو سزای دیکە، گوهدار محەمەدیش ئازاد کرا.
 
شێروان شێروانی ده‌بو له‌ مانگی (ئەیلول/9)ی 2023 ئازادبكرایه‌ به‌ڵام پێش ئه‌و واده‌یه‌ و له‌ 20ی (ته‌موز/7)ی 2023 بەپێی ماددەكانی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە دواتر بە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵەکە کرایەوە بە دو ساڵ و بڕیاربو هه‌فته‌ی ئازاد بکرێت، به‌ڵام جارێكی دیكه‌ ئازادكردنی دواخراوه‌.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە