گفتوگۆکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ دەکاتەوە
2025-03-16
313 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتیەكانی هەرێم و كۆمپانیا بیانیەكان كۆبونەوەكانیان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت دەستپێدەكەنەوە
هێڤیدار شەعبان، پسپۆڕی ئابوری ئاشکرای کردووە، بەمزوانە، دوو کۆبوونەوە لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم ، لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە کوردستان کاردەکەن، ئەنجامدەدرێت.
ئەو پسپۆڕە بە سایتی (بەغداد ئەلیەوم)ی راگەیاندووە، لەم هەفتەیەدا یەکەم کۆبوونەوە لە بەغداد ئەنجام دەدرێت، هەفتەی داهاتووش لە هەولێر کۆبونەوەیەکی دیکە لەنێوان هەمان لایەنەکان ئەنجام دەدرێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کێشەی هەناردەکردنی نەوت پەیوەندی بە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەوە نییە، بەڵکو کۆمپانیا نەوتییەکان رەتیدەکەنەوە لەم کاتەدا هەناردەکردن دەستپێبکەنەوە تاوەکو قەرزەکانی حکومەتی هەرێم نەدرێتەوە.
لە دیارترترین کێشەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکیەوە، شێوازی حیسابکردنی بڕی نەوت و، شێوازی خەرجکردنی پارەكەی و، پشکی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانە، کە نەوت لە هەرێمی کوردستان دەردەهێنن، ئەمە جگە لە پرسی موچە و رسومات و باجی گومرگی، وەفدی هەردوولا هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدەن پێش دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەکردن.
|