تۆمەتبارێكی هەڵکوتانەسەر رێستۆرانتەكەی سلێمانی خۆی ڕادەستكرد

2025-03-16  448 جار خوێنراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردو لە ڕێستۆرانتی فانسی لەشاری سلێمانی شەڕو ئاڵۆزی دروست بو و تەقەکرا، ئەمڕۆ یەکێک لە تۆمەتبارانی هەڵکوتانەسەر رێستۆرانتەكە خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد و هێزەکانیان بەردەوامن لە گەڕان بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی دیكە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، شەوی ڕابردو لە ڕێستۆرانتی فانسی لە گەڕەكی چوارچرای شاری سلێمانی شەڕو ئاڵۆزی دروست بو، بەهۆیەوە تەقەکرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی بەردەوام بون لە گەڕان و بەدواداچونەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران، سەرئەنجام یەکێک لە تۆمەتبارەکان خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد و دەستیش گیرا بەسەر چەکێک لەجۆری دەمانچەی تورکی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە ئێستادا تۆمەتبار (ز،ح،ع) بە بڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە.

ئەوەشیخستەڕو، هێزەکانیان بەردەوامن لە گەڕان بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی دیكە کە لەلایەن بەڕێز دادوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە و لە داهاتوشدا هەر کەسێک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربچێت دەستگیری دەكەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە