مەسرور بارزانی: لە داهاتوودا زیاترو باشتر خزمەتی هەڵەبجەییەکان دەکەین

2025-03-16  63 جار خوێنراوەتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکیی خۆی دەزانێت کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجەییەکان و قوربانییانی دیکەی جینۆسایدی گەلی کوردستان بکات، لە ساڵانی ڕابردوشدا، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە پارێزگەی هەڵەبجە ئەنجامداوە، بەڵام دەشزانین هەڵەبجە پێویستی بە خزمەتی زیاتر هەیە.

مەسرور بارزانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگه‌یاند، "بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم کۆمەڵکوژییەی ڕژێمی پێشوی عێراق دەکەینەوە و هەمیشە لە یادمانن، پێزانینی زۆرمان بۆ قوربانیدانەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری هەڵەبجە، بە تایبەتی بریندارانی کارەساتەکە و کەسوکاری سەربەزری شەهیدان هەیە، هەرچەندە بەشێک لە بەرپرسیار و ئەنجامدەرانی سەرەکیی ئەم تاوانە، بە سزای خۆیان گەیشتن، بەڵام سەرەڕای تیپەڕبونی (37) ساڵ، بەسەر ئەم کارەساتە مەزنە، هێشتا زام و برینەکانی ئەم تاوانە ساڕێژ نەبون".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکیی خۆی دەزانێت کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجەییەکان و قوربانییانی دیکەی جینۆسایدی گەلی کوردستان بکات، لە ساڵانی ڕابردوشدا، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە پارێزگەی هەڵەبجە ئەنجامداوە، بەڵام دەشزانین هەڵەبجە پێویستی بە خزمەتی زیاتر هەیە، لەم ڕوەوە، دانیشتوانی بەڕێز و قوربانیدەری پارێزگەی هەڵەبجە دڵنیا دەکەینەوە کە لە داهاتوشدا، زیاتر و باشتر خزمەتی ئەو ناوچەیە دەکەین".

مەسرور بارزانی باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ئەوەی جێی داخە، حکومەتی فیدڕاڵ تا ئێستا، بەرپرسیاریێتیی دەستوری و یاسایی خۆی لە قەرەبوکردنەوەی بنەماڵە و کەسوکار قوربانییان و شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان جێبەجێ نەکردوە، تەنانەت تا ئێستاش، ئەنجومەنی نوێنەران پرۆسەی بەپارێزگەبونی هەڵەبجەی پەسەند نەکردوە".

هاوكات ده‌ڵێت، "داوا دەکەین چیتر کەمتەرخەمی بەرانبەر قوربانیدانەکانی هەڵەبجە نەکرێت و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبوبکرێنەوە و بەپارێزگەبونەکەشی لە زوترین کاتدا پەسەند بکرێت".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە