وەزارەتی پەروەردە: حکومەت بڕیاریداوە ھیچ کەسێکی تازە دانەمەزرێت

2025-03-16  130 جار خوێنراوەتەوە

د. سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نزیكەی پێنج ھەزار و 500 مامۆستا لە هەرێم خانەنشین دەبن و بۆشایی لە ناوەندەکانی خوێندن دروست دەبێت و حکومەتیش بڕیاریداوە دامەزراندن جارێ بوەستێت و ھیچ کەسێکی تازە دانامەزرێت. دەشڵێت، "لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی میلاک کێشەی کەمی مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندن چارەسەر دەکرێت".

د. سەیوان فەرەج، بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاند، بەھۆی بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج ھەزار و 500 مامۆستا خانەنشین دەبن و بۆشایی لە ناوەندەکانی خوێندن دروست دەبێت و حکومەتیش بڕیاریداوە دامەزراندن جارێ بوەستێت و ھیچ کەسێکی تازە دانامەزرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئالیەتێک دانراوە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت و کاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن نەبێت، ھەر چەندە بۆ ئەم چەند مانگە گرفتەکە چارەسەر بوە و کاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن دروست نابێت.

بریکاری وەزارەتی پەروەردە باسی لەوەشكرد، لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی میلاک کێشەی کەمی مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندن چارەسەر دەکرێت، بە جۆرێک ئەو شوێنانەی مامۆستای زیادە دەبردرێن بۆ ئەو شوێنانەی مامۆستایان کەمە و ئەو گرفتەی ھەیە چارەسەر دەکرێت، بۆیە ڕێگە نادەن خانەنشینبونی مامۆستایان ھیچ کاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان دروست بکات و ڕێکخستنەوەی میلاکیش لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

بەگوێرەی میدیای پارتی، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوە مامۆستایانی خانەنشین ئەم چەند مانگەی كە ماوە لە خوێندن بەردەوام بن و ئەو بڕە پارەی لە موچەیان کەم دەبێتەوە لە داتای ناوخۆ پێیان بدرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە