مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە

2025-03-16  140 جار خوێنراوەتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە. 
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، حکومەت دەڵیت، "بۆ تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانە و هەروەها باس لە خۆ ئامادەکردنە بۆ گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا".
 
هاوکات، نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، باسی "دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە و لێکەوتە سیاسییەکان، خۆئامادەکردن بۆ پێشهاتەکان، پێگەی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان". دەکرێت.
 
کۆبوونەوەکە بڕیارە لە هەولێر بکرێت.

دوای ئامادەکردنی رەشنووسێک لەنێوان شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی، 22ـی شوبات شاندی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی یەکەمین کۆبوونەوەیان بۆ پێکهێنانی حکومەت کرد. 

چاوەڕوان دەکرێت بە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ خێراتر بن.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پارتی زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو؛ دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە