پەکەکە مەرجی دانانی چەکی ئاشکرا کرد

2025-03-15  220 جار خوێنراوەتەوە

کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە پەیوەست بە نەورۆزی 2025 ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، نەورۆزی ئەمساڵ بکرێتە نەورۆزی ئازادیی جەستەیی ئۆجالان و ئاماژەی بەوەد، لە پاش ئاگر بەست تورکیا 4175جار هێرشی کردووەتە سەر.

کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) لە راگەیاندراوێکی تایبەت بە نەورۆزی ساڵی 2025 رایگەیاند کە ئاگربەستی تاکلایەنەیان راگەیاندووە بە مەبەستی دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی بەپێی مەرجەکانی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەڵام تاکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لە پەرلەمانی تورکیا نەبینراوە.

لە راگەیاندراوەکەیاندا، پەکەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ئاگربەستی تاکلایەنەدا، سوپای تورکیا بەراورد بە ماوەکانی پێشوو هێرشەکانی کەم کردووەتەوە، بەڵام بەگشتی 73 هێرشی ئاسمانی و 4175 هێرشی موشەکی ئەنجام داوە. هەروەها هەشت جار چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، جگە لەوەی فڕۆکەی سیخوڕی بۆمبڕێژکراو هەموو رۆژێک بەسەر ناوچەکەدا دەفڕن.

راگەیاندراوەکە جەختی کردووەتەوە کە "ناتوانرێت هەنگاوی کردەیی لەو جۆرە بگیرێتەبەر بۆ وەستاندنی شەڕ بەشێوەیەکی تاکلایەنە، بۆیە دەبێت هەنگاوی کردەیی بنرێت و هەموو چەکەکان بێدەنگ بکرێن."

لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا، کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە راشیگەیاندووە کە خۆشحاڵن لەوەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بەیاننامەکەیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لێکراوە، بەڵام جەختیان کردووەتەوە کە "کات زۆر گرنگە و بۆ سەرکەوتن دەبێت کات بە باشی بەکاربهێنرێت و پێکەوە هەنگاو بنێن."

هەروەها پەکەکە ئاشکرای کردووە کە لەدوای 27ـی شوباتەوە دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەکراوە و نازانن ئایا گۆڕانکاری لە مەرجەکانی ئیمراڵی کراوە یان هەمان مەرجەکانی پێشوویە. هەرچەندە رۆژنامەنووسان باس لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ دەکەن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەلایەن پەرلەمانەوە نەبینراوە.

لە کۆتاییدا، کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان بانگەوازی بۆ گەلی وڵاتپارێز و دۆستانی دیموکراسی، بەتایبەتی ژنان و گەنجان کردووە کە "لە هەموو شوێنێک مەیدانەکانی نەورۆز پڕ بکەنەوە و لە هەموو کاتێک زیاتر هاوار بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان بکەن."

ئەوەشیان ئاماژە پێداوە، کە ئەم نەورۆزە بکرێتە نەورۆزی "ئازادی جەستەیی ئۆجەلان". 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە