ئەمریكا پێشوازی لە ڕێككەوتنی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەكات
2025-03-12
99 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێشوازی لە ڕێككەوتنی نێوان فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات-قەسەدە و سەرۆكی دەسەڵاتداری سووریا دەكات، دەشڵێن، واشنتن چاودێری هەنگاو و بڕیارەكانی داهاتووی ئیدارەی نوێی سووریا دەكات، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ قۆناغی ڕاگوزەرەی سووریا دووپات دەكەینەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە ڕێككەوتنەكەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات -قەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی دەسەڵاتداری سووریا، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشوازی لەو ڕێككەوتنە دەكات، كە بەم دواییانە لە نێوان دەسەڵاتدارانی كاتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات واژۆ كراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ قۆناغی ڕاگوزەری سیاسی و حوكمڕانییەكی متمانەدار دووپات دەكاتەوە.
هاوكات، ئەمریكا نیگەرانی خۆی لە توندوتیژییەكانی ئەم دوایانە دژی عەلەوییەكانی سووریا دەربڕیووە و دەڵێن، بەردەوام دەبن لە چاودێری ئەو بڕیارانەی ئیدارەی نوێی سووریا دەریان دەكات.
پێشتر فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) ڕایگەیاندبوو، ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ دیمەشق هەنگاوێكی ئەرێنی و گرنگە، هەروەها ئەم ڕێككەوتنە سەرەتاییە و بە نێوەندگیری ئەمریكا بووە، ئەمریكییەكان لایەنێكی سەرەكی ئەم ڕێككەوتنەن.
|