کۆمپانیایەکی نوێی مۆبایل لە عێراق دادەمەزرێت
2025-03-11
276 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دامەزراندنی "کۆمپانیای نیشتمانی بۆ مۆبایل" بە بەشداری وەزارەتی پەیوەندییەکان و دەزگای خانەنشینی نیشتمانی و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI كە یەک لەسەر سێی سەرمایەی کۆمپانیاکە پێدەهێنن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەیندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا و ڕەزامەندیدا بە دامەزراندنی (کۆمپانیای نیشتیمانی بۆ مۆبایل)، کە کارپێکردنی مۆڵەتی نیشتیمانی بە تەکنەلۆجیای نەوەی پێنجەم، بەهاوکاری کۆمپانیای گڵۆباڵ تیلیکۆم
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجومەنەکە ڕازی بو لەسەر ئەوەی کە كۆمپانیاكە بە بەشداریکردنی وەزارەتی پەیوەندیەکان و دەستەی خانەنشینی و سندوقی خانەنشینان لەگەڵ بانكی بازرگانی عێراقی TBI دروست بكرێت كە بەشداریکردنی هەریەک لەو سێ لایەنە، یەک لەسەر سێی سەرمایەی کۆمپانیاکەیە و وەک بەشدارییەکی درێژخایەن.
بەگوێرەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری پەیوەندییەكان سەرپەرشتی جێبەجێكردنی پڕۆژەی مۆڵەتی نیشتمانی مۆبایل دەكات و راپۆرتی بەدواداچون لەوبارەیەوە پێشكەش بە كابینەی حكومەت دەكات، هەروەها ڕەزامەندبوە بۆ کارپێکردنی مۆڵەتی نیشتمانی بە تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای بازرگانی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
|